رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە بڕی 7 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا دەستیپێکردووەتەوە.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، رۆژی پێنچشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "سیستمی کارەبای نیشتمانی لە رووی بارقورسی و کاژێرەکانی کارپێکردنەوە سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، دووبارە رەوانەکردنەوەی گاز لەلایەن ئێرانەوە، بووەتە هۆی کارپێکردنەوەی ئەو یەکانەی کە کاریگەربوون لە وێستگەی کارەبای بەسمایە، هەروەها یەکەیەکی بەرهەمهێنان لە وێستگەی مەنسووریە لە پارێزگای دیالە خراوەتەوە گەڕ.
ئەحمەد مووسا ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکانی وەزارەت بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی بۆی دانراوە بەڕێوەدەچن، کە کارەکانی چاکسازی، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان لەخۆدەگرێت؛ ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بەوپەڕی ئامادەیی پێش گەیشتن بە لووتکەی بارقورسی لە وەرزی هاویندا.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەش کرد، کە وەزارەتەکەیان کار لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەکات، ئەوەش بۆ سوودوەرگرتن لە گازی نیشتمانی و سووتەمەنی نێوخۆیی، تاوەکو بەردەوامیی کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان بێ پچڕان مسۆگەر بکرێت.
لە 24ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، ئێران هەناردەی گازەکەى بۆ عێراق راگرتووە، کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەباى عێراق .
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بۆ بەگەڕخستنیان پشت بە گازی ئێران دەبەستن، بڕینی گازەکەش بووە هۆی پەککەوتنی بەشێک لە وێستگەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تۆڕی نیشتمانی هەبوو.
بەهۆی راگرتنی گازی ئێران، عێراق زیاتر لە 5500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە. بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ