رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا سنووری دەستووری هەیە. هەرێمی کوردستان ئەوەی مافیەتی داوای دەکات و ئەوەشی لەسەریەتی نایداتە بەغدا". ئاماژە بەوەش دەکات، زۆر مادەی نێو دەستووری عێراق هەن، پەکخراون.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر رۆژی سێشەممە 26ی ئاداری 2024 لە (ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ) قسەی کرد و تێڕوانینی خۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە دۆخی عێراق و پەیوەندیییەکانی هەولێر و بەغدا خستەڕوو.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا عەبادی گوتی، "لەنێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان سنووری دەستووری هەیە. هەرێمی کوردستان ئەوەی مافیەتی داوای دەکات و ئەوەشی لەسەریەتی نایداتە بەغدا. خەڵکی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیی عێراقین و پێویستە مافەکانیان بدەین." ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، مووچەی خەرجکردووە بە مووچەی پێشمەرگەیشەوە.
حەیدەر عەبادی تیشکی خستەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو باشووری کوردستان و سیاسەتی ئەو وڵاتە لەنێو عێراق و گوتی، "پێویستە رێگە بە تورکیا نەدرێت لە شەڕی دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق بکات."
هەر لە قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق پشتیوانیی خۆی دەربڕی بەوەی محەممەد شیاع سوودانی خولێکی دیکە سەرۆکایەتیی حکومەت بکات بۆ تەواوکردنی کارەکانی و پێیوایە، "چوار ساڵ بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان بەس نییە، بەڵام بەو مەرجەی پرۆسەکە چاکسازیی دەوڵەت بێت، نەوەک بۆ بەرژەوەندیی کەسی یان حیزبی."
موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق 73 کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی کشایەوە و بەشداریی لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش نەکرد.
عەبادی لەبارەی موقتەدا سەدرەوە قسەی کرد و و گوتی، "موقتەدا سەدر لە واقیعەوە دوور نییە و وازی لە کاری سیاسی نەهێناوە، بەڵکو بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە؛ دوای ئەوەی دۆخەکە بە بنبەست گەیشت و نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، پێکهێنانی حکومەتی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی جێهێشت؛ ئەوەش جێگەی سوپاسە."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆربەی لایەنە شیعەکانی لەخۆگرتووە، جگە لە رەوتی سەدر. عەبادی پێیوایە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانییەکی سیاسی نییە، بەڵکو تەنیا ناونراوە بە هاوئاهەنگی."
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دانی بەوەدا نا، زۆر لەو بڕیارانەی دەدرێن لە بیرێکی پۆپۆلیستییەوە سەرچاوە دەگرن کە لە دەرەوەی چوارچێوەی لۆژیک و عەقڵانیدان. باسی لەوەش کرد، زۆر مادەی نێو دەستوور هەن پەکخراون و هیچ پاساوێکیش بۆ ئەم پەکخستنە نییە، لەنێویاندا پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی.
حەیدەر عەبادی لە 08-09-2014 تاوەکو 25-10-2018 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ