حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەزار حەوزی ماسی لە داقووق تێکبدرێت

26-05-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
هاونیشتمانییەک کە حەوزی ماسی هەیە دەڵێت، ئەم بڕیارە تەنیا لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێ دەکرێت
هاونیشتمانییەک کە حەوزی ماسی هەیە دەڵێت، ئەم بڕیارە تەنیا لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێ دەکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاری داوە نزیکەی هەزار حەوزی ماسی لە داقووق تێکبدات. هاونیشتمانییەک کە زیاتر لە 40 هەزار ماسی لە حەوزێکدا هەیە دەڵێت، ئەم بڕیارە تەنیا ناوچە کوردییەکانی گرتووەتەوە و لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای کەرکووک جێبەجێ ناکرێت.
 
شوان تاهیر، خاوەنی حەوزی ماسییە و دەڵێت، "داقووق بووەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ماسی، ئەگەر بێتوو ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند دەبێت و کاریگەی لەسەر گشت بازاڕ دەبێت، چونکە ئەگەر ماسیی داقووق نەمێنێت، دەبێت لە ئێران و تورکیاوە ماسی هاوردە بکرێت."
 
بەشێک لە هاونیشتمانییانی دیکەیش لە داقووق دەڵێن، ئەوانیش ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت حەوزەکانیان چۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان کە بژێویی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ماسییە، باس لەوە دەکەن کە ئەو بڕیارە نادادپەروەری تێیدایە و دەشڵێن، تەنیا لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێ دەکرێت.
 
لوقمان کەریم، خاوەنی حەوزی ماسییە و باس لەوە دەکات، "ئەم بڕیارە تەنیا بەسەر ناوچە کوردییەکانە و لە خورماتوو و بەشیر و تازە رووخاندن نییە، ئێمە زانیاریمان هەیە حەویجە و ریاز و رەشادییشی نەگرتووەتەوە."
 
عادل ستار، خاوەنی حەوزی ماسییە لە داقووق و دەڵێت، "هاتن و حەوزەکەمیان رووخاند و کاتێکیان بۆ دیاریکردم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ حەوزەکانم بڕوخێنم، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێننامەم پێ پڕکراوەتەوە، ئێمە چاومان لە پشتگیری نییە، بەڵام دژمان نەبن، هەموو ئەم کارەشیان بۆ ئەوەیە ماسی لە وڵاتێکی دیکەوە بهێنن و هیچ ئامانجێکیان نییە."
 
لە قۆناخی یەکەمدا 37 حەوزی بەخێوکردنی ماسی تێکدراون، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک سەرپەرشتیی هەڵمەتی تێکدانی حەوزەکان دەکات و دەڵێت، ئەو حەوزانە بەنایاسایی دروستکراون.
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند، "زۆربەی حەوزە بێ مۆڵەتەکان لە سنووری شارۆچکەی داقووقن و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی کەرکووکن و بەپێی راسپاردەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەموو لایەنەکان هاوکاریی یەکدین بۆ تێکدانی حەوزە بێ مۆڵەتەکان و ئەمەش بەمەستی پاراستنی ئاستی ئاو و کەمیی ئاوە."
 
حکومەتی عێراق بەڵێننامەی بە خاوەنی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی پڕکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لەسەر ئەرکی خۆیان دەبێ حەوزەکان تێکبدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە