دادگەى فیدراڵی تاوتوێی سکاڵاکانى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان دەکات

26-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق وادەى یەکەم دانیشتنى لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد، کە پەرلەمانتارانى دوو فراکسیۆن پێشکێشیان کردووە.
 
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانی ئەو دادگەیە، 6ى تەممووزى 2025 دیاریکراوە بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاکە.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى سەرکەوتووى پەرلەمانى کوردستان لە کۆمەڵى دادگەریى کوردستان تۆمار کراوە و تێیدا داواى بەپووچەڵزانینى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى کردووە، بەو پێیەى وەکو لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواو نەکردووە و 45 رۆژ لەدواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، کۆبوونەوەکە نەکراوە.
 
یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە 2ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا. بەگوێرەى بڕگەى 4ى مادەى 10ى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 45 رۆژ لە بانگهێشتکردنى بۆ کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان، رێژەى یاسایى ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە بەدی نەهات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
عومەر گوڵپى بە رووداوى گوت، سکاڵاکەیان "پشتى بەستووە بە یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانى کوردستان، بەوەى نابێت ئەو کۆبوونەوەیە بە کراوەیی بەجێبهێڵدرێت، دەبوو لە یەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژێردرێت و ئەویش بەربژێرى سەرۆکى حکومەت بۆ پێکهێنانى حکومەت رابسپێرێت."
 
لە کۆى 100 ئەندامەکەى خولى شەشەمى پەرلەمان، تەنیا سێ بەربژێرى سەرکەوتووى کۆمەڵى دادگەرى سوێندى یاساییان نەخواردووە و بایکۆتى پەرلەمانیان کردووە.
 
بەشێکى سکاڵاى پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵى دادگەرى ئەوەیە، خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە، سەرجەم ئەو ئیمتیازاتانەى 97 پەرلەمانتارە سوێندخواردووەکە بەدەستیان هێناوە، بگەڕێندرێتەوە، بە پاساوى ئەوەى "دەوڵەمەندبوونى بێ هۆکارە"؛ هەروەها کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ناچار بکرێت ئامادەکاری بۆ ئەوە بکات لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
 
عومەر گوڵپى گوتیشی، "بەشێک لە پاڵپشتیى سکاڵاکە چوار مادەى دەستوورى عێراقە، کە پەیوەندیدارن بە مافى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات."
 
سکاڵاکەى دیکە کە هەمان رۆژ لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە تاوتوێ دەکرێت، لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ؛ کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە هەمان فراکسیۆن پێشکێش کراوە.
 
سکاڵاکە لەسەر بڕیارنەدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان.
 
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، 30ى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە