رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بەهاوپەیمانێتییەک لەگەڵ دوو لایەنى دیکە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەکات.
هاوپەیمانێتییەکە بە هەمان ناو دەبێت کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 2023 لە نەینەوا بەشدارى کرد، کە ناوى هاوپەیمانیى ئەهل نەینەوا بوو.
ئاراس محەممەد ئاغا، لێپرسراوى مەڵبەندى نەینەواى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتیەکە دەکات.
دووشەممە 26ى ئایارى 2025 ئاراس محەممەد ئاغا بە رووداوى گوت: "لەو هاوپەیمانێتییەدا دوو لایەنى دیکە بەشدارن؛ یەکێکیان پارتى رەفعەى وەتەنیە کە پێشتر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا لە هاوپەیمانێتیەکەماندا بوو؛ دووەمیان پارتى مەسیرى وەتەنییە کە تازە هاتووەتە نێو هاوپەیمانێتییەکە".
ئەو دوو پارتەى لەگەل یەکێتى لە هاوپەیمانێتییەکەدان، زیاتر لە عەرەبى سوننە پێکھاتوون و چەند هاونیشتمانییەکیشیان لەگەڵدایە.
ئاراس محەممەد ئاغا رایگەیاند: "کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانێتیەکانى پەسند کردووە، بەڵام هێشتا سەرۆکى لیستەکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاری نەکراوە".
41 هاوپەیمانى خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پیشانداوە کە 25یان پێشتر تۆمارکرابوون و 16 هاوپەیمانێتییان نوێن".
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت. هەر پارێزگایەک بازنەیەکى هەڵبژاردن دەبێ.
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقدا هاوپەیمانێتى ئەهل نەینەوا 50 هەزار و 606 دەنگى بەدستهێنا و بووە خاوەنى دوو کورسى ئەنجوومەنى پارێزگاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ