رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دوو بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەکە دووردەخاتەوە و گۆڕانکارى لە سێ پۆستى دیکەدا دەکات. ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەى چاکسازیى ئەو دەستەیەن و پێشتر بەرپرسێکى دیکەى لەسەر دۆسیەى گەندەڵى دوورخستووەتەوە."
بەگوێرەى نووسراوێکى دەستەى دەستپاکیى عێراق کە لە 25ى حوزەیرانى 2023 دەریکردووە، بڕیاریداوە هەریەک لە باسم جاسم هەجول، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی، مەحموود سامى نیعمە، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لە دەستەى دەستپاکى لە پۆستەکانیان لابدات.
بەگوێرەى بڕیارەکە، گۆڕانکارى لە سێ پۆستى دیکەشدا کراوە بەوەى موعتەز فەیسەڵ خەزعەل لە پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیى گەڕاندنەوە بکرێتە بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان، ئەیمەن داوود سەلمان لە جێگەى دانراوە، هاوکات حەمید حەسەن کراوەتە بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕیى دارایی.
25ى حوزەیرانى 2023 باسم خەشان، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەى ئەنجامدانى چاکسازییە لەنێو دەستەى دەستپاکى کە سەرۆکى دەستەکە دەستیپێکردووە."
باسم خەشان گوتیشى، "پێشتر بەڕێوەبەرى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى لە بەشێک لە پارێزگاکان لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى لەسەر دۆسیەى گەندەڵى لە پۆستەکانیان لادران."
15ى تشرینى دووەمى 2022 حەیدەر حەنون بە فەرمى پۆستى سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى وەرگرت لەدواى دوو رۆژ لە دەستلەکارکێشانەوەى عەلا ساعیدى، سەرۆکى پێشووى دەستەکە لەسەر داواى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق.
دەستەى دەستپاکیى عێراق باڵاترین دامەزراوەى لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکانى گەندەڵى، کە لە ساڵى 2004 دامەزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ