دەروازە سنوورییەکانى عێراق بۆ رووداو: 55 هەزار حاجیى ئێرانى لە عێراقەوە گەڕاونەتەوە

26-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند: لەکۆى 75 هەزار حاجیى ئێرانى، 55 هەزاریان لە عێراقەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ى حوزەیرانى 2025، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى  گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 55 هەزار حاجیى عێراقى لە رێگەى دەروازەى عەرعەرەوە لە عەرەبستانى سعودیەوە هاتوونەتە ناو خاکى عێراق و لەوێوە گوێزراونەتەوە بۆ دەروازەى زڕباتییە لە سنوورى پارێزگاى واست بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان".
 
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند: ئەو هەنگاوە لەبەر رۆشنایی فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بووە و دەستەى دەروازە سنوورییەکان بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندارەکان ئاسانکارییان بۆ دەکەن و خزمەتگوزاریى پێویست پێشکێش بەو حاجییە ئێرانییانە دەکەن تاوەکو دەگەڕێنەوە.
 
13ى حوزەیرانى 2025 جەنگ لە نێوان ئێران وئیسرائیل بەرپا بوو، لەو کاتەوە تاوەکو 25ى حوزەیران، ئێران گەشتە ئاسمانییەکانى راگرت، ئەوەش کێشەى بۆ گەڕانەوەى حاجییەکانى لە عەرەبستانى سعودیەوە دروست کرد.
 
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند: ئەو 55 هەزار حاجییەى لە رێگەى عێراقەوە گەڕاونەتەوە لە کۆى 75 هەزار حاجى ئێرانییە کە لەو رێگەیەوە دەگەڕێنەوە و ئێستا گەڕانەوەی ئەوانەی ماون بەردەوامە.
 
بەگوێرەى ئامارى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەم ساڵ 85 هەزار هاووڵاتیى ئەو وڵاتە بە مەبەستى بەجێهێنانى فەریزەى حەج روویان لە عەرەبستانى سعودیە کردبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە