رووداو دیجیتاڵ
دادگەی نێودەوڵەتیی داد رۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی لەبارەی کەشوهەوا و ژینگە دەرکرد. بڕیارەکە بنەمایەکی یاسایی دادەنێت بۆئەوەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە، داوای قەرەبوو بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراقیش دەڵێت، زۆر ئومێدیان بەو بڕیارەی دادگەکە نییە.
لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی داد گرنگە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت. ئەگەر جێبەجێش بکرێت، شێوازی قەرەبووەکە بە شێوەی پارەی کاش نابێت. ئەگەری زۆرە قەرەبووەکە لەو سندووقە بدرێت کە لە رێککەوتننامەی پاریس دانرا بۆ قەرەبووکردنەوەی وڵاتە زیانلێکەوتووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."
رێککەوتننامەی پاریس بۆ چارەسەرکردنی گەرمبوونی زەوی لە کانوونی یەکەمی 2015 لەلایەن نوێنەرانی 195 وڵاتی جیهانەوە واژۆ کرا.
لوئەی موختار گوتی، "سندووقی قەرەبووەکە لەلایەن وڵاتە گەورە و پێشکەوتووەکانەوە پارەدار دەکرێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەن هۆکارن بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، لە رێگەی پیشەسازییە گەورە و هەمەجۆرەکانیانەوە."
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی ژینگەی عێراق، دەکرێت قەرەبووەکە بەو جۆرە بێت کە هەر وڵاتێک داوای قەرەبوو بکات، لیژنەیەکی تایبەت بنێردرێ بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی و دواتر لە رێگەی پڕۆژەی هەمەجۆری ژینگەییەوە قەرەبوو بکرێتەوە.
رۆژی 24ی تەممووزی 2025، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای بڕیارێکی بۆ رێگری لە زیادبوونی گۆڕانی کەشوهەوا دەرکرد. بڕیارەکە پابەندکەر نییە، بەڵام بەرپرسیارێتیی وڵاتان زیاد دەکات.
بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی داد بنەمایەکی یاساییش دادەنێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە داوای قەرەبوو بکەن.
لوئەی موختار ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی وردمان لەبەردەستدا نییە کە قەبارەی زیانەکانی عێراق لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەربخات، بەڵام بەدڵنیاییەوە زیانەکان گەورەن. زۆر ئومێدیشمان بەو بڕیارە نییە، چونکە بەشێکی بڕیارەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی داد تەنیا لەسەر کاخەزن و جێبەجێ ناکرێن."
بە گوتەی لوئەی موختار، "هەریەکە لە بەسرە، میسان و زیقار، زۆرترین زیانیان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە و زۆربەی زۆنگاوەکانیشیان وشک بوون."
هاوکات جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت،"بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی داد تیشکی خستووەتە سەر بەرپرسیارێتی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییە تازەپێگەیشتووەکان."
جاسم فەلاحی گوتیشی، "پێویستە ئەم بڕیارە وەکو ئامرازێکی گوشار لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێندرێ بۆ پابەندکردنی وڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورە."
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەوەی دووپات کردەوە، "سندووقی قەرەبووکردنەوە هەیە کە لە رێککەوتنی پاریس سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا پەسند کراوە، ئەوانیش سندووقی سەوزی کەشوهەوا و سندووقی زیانەکانن، کە هەموو ئەمانە لەلایەن وڵاتانی گەورەی پیشەسازییەوە پارەدار دەکرێن، بۆ پشتگیریکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و کەم گەشەسەندوو، کە بەدەست کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەناڵێنن."
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم وشکەساڵییەی کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیان تێدا هەڵدەقوڵێت."
بەگوێرەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە ساڵی 1933ـوە، ئەم ساڵ وشکترینە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ