سەرۆککۆماری عێراق: هەڕەشەی داعش لەسەر وڵاتەکەمان نەماوە

26-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، هەڕەشەی داعش لەسەر وڵاتەکە نەماوە و بە "سفر" ناویبرد. گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت رۆڵی سەرەکی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بگێڕێت.
 
"هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق سفرە"
 
سەبارەت بە هەڕەشەی داعش لەسەر وڵاتەکە؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "ئێستا لە عێراقدا هیچ [هەڕەشەیەک نەماوە]. ئەوان (چەکدارانی داعش) لە زۆر شوێن لەنێوبراون، بەڵام هێشتا پێویستە ئاگاداربین بۆ چاودێریکردنی جووڵەی داعش، چونکە داعش تەنیا لە عێراق نییە. ئەوان (چەکدارانی داعش) بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکن."
 
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە ئەرکەکانمان، لە هاتنمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەیە داوا لە حکومەتەکان بکەین داعشەکان ببەنەوە وڵاتانی خۆیان."
 
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بڕیارەکە لە دەستی تاکە کەسێکدا نییە، "ئەمە بە حکومەتی عێراق سپێردراوە بۆئەوەی لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێککەوتن. چەندیان دەمێننەوە، چەندیان دەتوانن بڕۆن و کەی بە تەواوی عێراق جێدەهێڵن (لەسەر حکومەتی عێراقە). بۆیە ئەمە بەندە بە دانوستاندن یان گفتوگۆ لەنێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق."
 
جەنگی غەززە و رۆڵی ترەمپ
 
لەتیف رەشید گوتی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کورتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەی کردووە. لە وەڵامی ئەوەی کە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هاوبەشە بیانییەکان پێیان وایە ترەمپ تاکە کەسە کە دەتوانێ جەنگی غەززە رابگرێت، لەتیف رەشید گوتی، "منیش هاوڕام. کارەساتی غەززە و دۆزی فەڵەستین چەندین ساڵە بەردەوامن. پێم وایە ئەمریکا ئێستا بەهێزترین زلهێزی جیهانە، دڵنیام دەتوانێ کاریگەری لەسەر حکومەتی ئیسرائیل هەبێ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە."
 
سەرۆککۆماری عێراق چارەسەری کێشەکەی بە "دامەزراندنی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین" و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ئەم دواییەی وڵاتانی ئەورووپا ناوبرد و گوتی، "پێویستە جەنگ رابگیرێ پێش ئەوەی بتوانین دەست بە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری کۆتایی بکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عێراق ئامادەیە هاووڵاتییانی غەززە وەربگرێت، لەتیف رەشید گوتی: "پێم وانییە هیچ کەس پەنابەرانی غەززە وەربگرێت، بۆچی ناچاریان دەکەی خاکەکەیان جێبهێڵن و ببنە پەنابەر؟ ئایا دەتوانی هیچ گەلێک ناچار بکەی وڵاتی خۆیان جێبهێڵێت؟"
 
بەڵام سەرۆککۆمار گوتی، "ئەگەر تاکێک یان خێزانێک بیەوێت لە شوێنێکی دیکە بژی، بەڵێ، ئێمە دڵخۆش دەبین یارمەتی بدەین. بەڵام نەوەک سەپاندنی دۆخی پەنابەری بەسەر گەلی فەڵەستیندا."
 
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی بوو لە نیویۆرک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.