کارەبای عێراق: کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی ئێران دیار نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، راگرتنی گازی ئێران بەرهەمهێنانی کارەبای بەتەواوی کەمکردووەتەوە و تاران وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازەکەی پێنەگوتوون. هاوکات کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی کارەبای لە هەرێمی کوردستانەوە کەمکردووەتەوە.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی هەینی، 26-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی راوەستانی ناردنی گاز لە ئێرانەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 4500 مێگاوات کەمیکردووە.
 
بەگوتەی گوتەبێژەکە، ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بۆ نزیکەی 18 هەزار مێگاوات دابەزیوە.
 
هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە 23ی کانوونی یەکەمەوە راگیراوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
ئەحمەد موسا دەڵێت، لایەنی ئێرانی وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی پێ رانەگەیاندوون و تەنیا ئەوەیان پێگوتوون کە ئەو راگرتنە بەهۆی "دۆخێکی لەناکاو"ـەوە بووە.
 
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، وەزارەتی کارەبا داوای لە وەزارەتی نەوت کردووە سووتەمەنییان بۆ دابین بکات تاوەکو ئەو وێستگانەی دەکرێت بە گازوایل کار بکەن، پەک نەکەون، بەڵام دەڵێت، بەشێک لە وێستگەکان تەنیا بە گاز کار دەکەن، بۆیە بەناچاری راوەستاون.
 
عێراق لە وەرزی سەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 25 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، کە بەشێکی لە رێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە پڕ دەکرێتەوە.
 
جگە لە گازی ئێران، گرفتێکی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستانیش کاریگەریی لەسەر تۆڕی کارەبای عێراق دروستکردووە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی بوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر، بە شێوەیەکی کاتی بڕی کارەبای هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە 700 بۆ 800 مێگاوات کەمیکردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە، لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز کەمی کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1000 مێگاوات کارەبا.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا: "هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ تیمەکانی داناگاز لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

پارێزگای نەینەوا: 40٪ـی کارەباکەمان بە نایاسایی بە فیڕۆ دەچێت

سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی 40%ـی کارەبای پارێزگاکە "ون دەبێت" و بەشێکی زۆری خەڵک و شوێنە گشتییەکان بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە؛ دەشڵێت: "دەستوەردانی سیاسی رێگرە لە لادانی سەرپێچییەکان."