رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیى گومرگی عێراق رێنمایی نوێ بۆ هاوردەکردنی کاڵا دەردەکات و رایدەگەیێنێت، دەبێت پێشوەختە ژمارەی شاسی ئۆتۆمبێل لە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار بکرێت. بازرگانێکیش دەڵێت، "ئەم بڕیارە کێشە بۆ ئەو بارانە دروست دەکات، کە ئێستا لە رێگەدان."
بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق کە لە 26-01-2026 ئاراستەی بانکی ناوەندی کراوە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، مەرجی نوێ بۆ هاوردەکردنی کاڵا و ئۆتۆمبێل دانراوە.
لە نووسراوەکەدا کە ئامانج لێی "پاراستنی پرۆسەی حەواڵەکردنی دراو و بەهێزکردنی رێکارەکانی وردبینییە"، داوا لە بانکی ناوەندی کراوە بانکەکان ئاگادار بکاتەوە کە لە زانیاریی پێشوەختەی گومرگدا، دەبێت وردەکاریی تەواو هەبێت لەبارەی (ژمارە، بڕ، خەرجیی گواستنەوە، سەرچاوەی هاوردەکردن، ناوی هاوردەکار، وڵاتی بەرهەمهێنەر، جۆری کاڵا و ژمارەی کۆنتێنەر).
دەستەی گومرگ مەرجێکی تایبەتیشی بۆ ئۆتۆمبێل داناوە و جەخت دەکاتەوە: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن، دەبێت پێشتر ژمارەی شاسییەکانیان لە زانیاریی پێشوەختەدا بنووسرێن."
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل مەرجی تۆمارکردنی ژمارەی شاسی نەبوو، بەڵام بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، ئەگەر ئەو ژمارەیە لە سیستمەکە تۆمار نەکرێت، رێگە نادرێت لە دەروازە سنوورییەکانەوە بێتە نێو عێراق."
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە هۆشداری دەدات لەوەی بڕیارەکە گرفت دروست دەکات و دەڵێت: "ئەمە کێشە بۆ ئەو بارانە دروست دەکات کە ئێستا لە رێگەدان بۆ عێراق، چونکە تاوەکو رێکارەکانیان راست نەکەنەوە، رێگەیان پێ نادرێت دەرباز بن."
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە سێ خاڵدا رێکارەکان بۆ دەروازە سنوورییەکان (وشکانی، ئاویی و ئاسمانی) رووندەکاتەوە، کە دەبێت کاڵاکان خاوەنی پێناسی شوێنی دروستکردن و مەنەفێست بن لەو وڵاتەی لێیەوە دێن، لەگەڵ هەبوونی رێگەپێدانی دەرچوون.
لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، عێراق کار بە سیستمی ئەسیکۆدا (گومرگی پێشوەختە) دەکات؛ بەپێی سیستمەکە هەر کاڵایەک بێتە عێراق دەبێت لەو سیستمە تۆمار بێت و گومرگەکەی بدرێت ئینجا رێگەپێدانی بۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ