رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دواخست. فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت، داوایان کردووە بۆ دەرفەتدان بە رێککەوتن، دانیشتنەکە لە 1ی شوبات بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە فەرمى دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دواخست، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بە فەرمی داوای کردووە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 01-02-2026 بکرێت.
داواکە لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنى پارتییەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە و تێیدا هاتووە: "لەپێناو دەرفەتدان بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى پۆستی سەرۆککۆمار، دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی یەکشەممە دوابخرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاشکرای کرد کە سەرەتا فراکسیۆنی یەکێتی و دواتر پارتی داوای دواخستنی دانیشتنەکەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتىی پەرلەمان رۆژی کۆبوونەوەی داهاتووی بە فەرمی دیاری نەکردووە.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، پێویستە بەر لە 48 کاژێر لە رۆژى دانیشتنى پەرلەمان، خشتەى کارنامەکەى بڵاوبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ