دەستەی حەشدی شەعبی: زیندانی تایبەت بۆ چەکدارانی داعش دروست دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، زیندانی تایبەت بۆ چەکدارانی پێشووی داعش کە لە سووریاوە دەهێندرێن، لە ناوچە دوورەدەستەکان و دوور لە شارە گەورەکان، بەتایبەتی موسڵ، دروستدەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل هەوڵ دەدات بە پاڵپشتیی ئەمریکا، نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە.
 
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026 رایگەیاند، "7000 زیندانیی داعش دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی تووندی ئەمنی و وردبینییەکی گشتگیرەوە لەنێو زیندانە پارێزراوەکاندا."
 
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، فالح فەیاز ئاماژەی بەوە کرد، ناسەقامگیریی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی وا دەخوازێ کە لەوپەڕی ئامادەیی و وریاییدا بن، بەتایبەتی لە پرسی ئاسایشی سنوورەکان. گوتیشی، هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڕەشە لەسەر سنوورەکان نییە، بەڵام ئەرکی نیشتمانی وا دەخوازێ کە بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو ئامادە بن.
 
فەیاز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی سووریا کرد و گوتی، "گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا و دراوسێیەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، پێویستی بە تووندکردنی رێکارە لە عێراق. ئیسرائیل هەوڵ دەدات بە پاڵپشتیی بێمەرجی ئەمریکا، نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دابڕێژێتەوە."
 
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، عێراق خوازیاری سەقامگیرییە لە سووریا، بەڵام بوونی هەندێک "گرووپی تیرۆریستی" لەوێ وای کردووە عێراق رێکاری ئەمنیی تووند بگرێتەبەر و گوتی، "ئەو نیگەرانییەی ئێستا هەیە، ئەرێنییە و لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی رابردوودایە."
 
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و پرسی گواستنەوەی چەکدارانی پێشووی داعشی لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق تاوتوێ کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ پڕۆسەکە دابنرێ و "لیژنەیەکی ئەمنیی یەکگرتوو" بۆ سەرپەرشتیکردنی تەواوی پڕۆسەی گواستنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارە پێشووەکان تاوەکو رادەستکردنیان بە دادگە پێکبهێندرێت.
 
عەمید میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی گشتیی چەکدارە پێشووەکان نزیکەی حەوت هەزار کەسە، "لەو ژمارەیە 1500 بۆ 2000ـیان عێراقین و ئەوانی دیکە بیانین."
 
عەمید میقداد میری ئاماژەی بەوەش کرد، چەکدارە پێشووەکان بەسەر زیندانە تایبەتەکانی عێراقدا دابەش دەکرێن و رەتیشیکردەوە هیچکام لەوان ببرێنە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

پارتی داوا دەکات یەکشەممە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دواخست. فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت، داوایان کردووە بۆ دەرفەتدان بە رێککەوتن، دانیشتنەکە لە 1ی شوبات بکرێت.