د. موسەننا ئەمین: دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پەیوەندیی بە نێوخۆی شیعەکانەوە هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، بە فەرمی لە دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمان ئاگادار نەکراونەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی بۆ "دۆخی نێوخۆیی شیعەکان" دەگەڕێنێتەوە، کە پەیوەندیی بە پرسی سەرۆکوەزیرانەوە هەیە.
 
رۆژی سێشەممە 27-01-2026 د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەرلەمان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کردووە، دوێنێ پەیوەندییان بە سەرجەم بەربژێرەکانەوە کردووە کە کاژێر 10:00 لە یەکێک لە هۆڵەکانی پەرلەمان ئامادە بن، بۆئەوەی دەنگدان لەبارەی پۆستەکە بکرێت."
 
هەرچەندە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکردووە و بەرپرسان دواخستنی دانیشتنەکەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام د. موسەننا ئەمین ئاماژە بە بوونی گرفت دەکات.
 
بە بڕوای د. موسەننا ئەمین، هەر دواخستنێک لە دانیشتنەکەدا رووبدات "زیاتر پەیوەندیی بە دۆخی ناوخۆی شیعەکانەوە هەیە، نەک لایەنە کوردستانییەکان، ئەوەش بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەسەر پرسی بەربژێرکردنی نووری مالیکی دروستبووە."
 
رۆژی 24-01-2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەفەرمی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریکرد، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان لەوانە؛ رەوتی حیکمە، عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوپەیمانیی خەدەمات دەنگیان بەو بەربژێرە نەداوە.
 
بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە