ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى: تاوەکو پێنجشەممە بەدرى و عەوادى یەکێکیان دەکرێتە بەربژێری سەرۆکوەزیران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق رایگەیاند، تاوەکو پێنجشەممە بەربژێریان لەنێوان باسم بەدرى و ئیحسان عەوادى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران یەکلا دەکەنەوە و ئەگەر بە کۆدەنگیش نەبێت، بە دوو لەسەر سێى دەنگى ئەندامانى ئەو هاوپەیمانێتیە تێى دەپەڕێنن. گوتیشی: پەیامیان لەلایەن ئەمریکاوە لەبارەى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانى پێ گەیشتووە کە گوایە "پێى ئاسوودە" نین. 
 
عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە بوڵتەنى کاژێر 11:00 ى رووداو گوتى: "کۆبوونەوەی فەرمی و دوو قۆڵی و سێ قۆڵی هەیە لە نێوان سەرکردەکانى هاوپەیمانىی چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بۆ ئەوەی بەربژێرێک دیاری بکرێت کە کۆدەنگیی هەمووانی لەسەر بێت، چونکە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پێویستی بە فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێزە کە پاڵپشتیی بکات".
 
عەلى دفاعی رایگەیاند، حەوت لەسەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە برى نوورى مالیکى پاڵپشتى باسم بەدری-یان کردووە وەک بەربژێرى جێگرەوە، سەرکردەکانى دیکەش پاڵپشتى ئیحسان عەوادى دەکەن وەک بەربژێرى جێگرەوەى محەممەد شیاع سوودانى.
 
لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارەوە لە 11ى نیسان، بەگوێرەى دەستوور 15 رۆژ لە بەردەم ئەو هاوپەیمانێتیەیە بۆ ئەوەى وەک گەورەترین فراکسیۆن بەربژێرى خۆى بۆ پێکێھنانى حکومەت رادەستى سەرۆککۆمار بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێرێک یەکلا نەبوونەتەوە. 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیتوانی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بەربژێرەکەى یەکلا بکاتەوە، بەڵام پەرۆشە بۆ ئەوەی کە کۆدەنگیی لەسەر هەبێت و بەهێز و پاڵپشتیکراو بێت، ئەگەر تاوەکو پێنجشەممە نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوە بە زۆرینەی 8 دەنگی دوو لەسەر سێ بەربژێرەکە یەکلا دەکرێنەوە لەنێوان باسم بەدرى و ئیحسان عەوادى.
 
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە 12 کەس پێکهاتوون، زۆرینەى دوو لەسەر سێ پێویستە بە رەزامەندى هەشت کەسیانە.
 
پێشتر ئەو هاوپەیمانێتییە 24ى کانوونى دووەم نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساى وەک بەربژێرى سەرۆکوەزیران دیاریکرد، بەڵام سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران." ئەوەش شیعەکانى دوودڵ کرد لە بەردەوام بوون لە بەربژێرکردنى. 
 
بە گوتەى عەلى دفاعی، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکا پێى راگەیاندوون کە ئەو هەڵوێستەى وڵاتەکەى "پێچەوانەی عورفە دیپلۆماسییەکانە" و ئیدارەى ئەمریکا پەیامێکیان گەیاندووەتەوە بەوەی کە ئاسوودە نین بە بە دووبارە بەربژێرکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانى، بەڵام لەبارەی دوو بەربژێرەکەی دیکە "هیچ تێبینییەک و دژایەتییەکیان نەبووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە