رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بنەبڕکردنی مادە هۆشبەرەکانی عێراق لە ناو خاکی سووریا، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی چوار کەسیی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکەن کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ حەبی هۆشبەریان پێبووە.
یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، عەمید زیاد قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێزێکیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سووریا، لە ناو خاکی ئەو وڵاتە چوار تۆمەتباری مادە هۆشبەریان دەستگیر کردووە کە سەر بە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان بوون.
عەمید زیاد قەیسی رایگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان گرتووە بەسەر یەک ملیۆن و 730 هەزار حەبی هۆشبەری جۆری کاپتاگۆن کە ئامادە کرابوون بۆ ئەوەی قاچاخچێتییان پێوە بکرێت.
زۆربەی حەبی هۆشبەری کاپتاگۆن لە رێگەی سووریاوە دزەی پێ دەکرێتە ناو خاکی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی بنەبڕکردنی مادە هۆشبەرەکانی هەردوو لا ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هاوئاهەنگییان بۆ کۆتایی هێنان بەو جۆرە بازرگانییە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن و زانیاری لەبارەی چالاکییەکی گوماناوییان پێ بدەن لە رێگەی هێڵی گەرمی 911 یان نامەناردن بۆ لاپەڕەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا دەست گیراوە بەسەر هەزار و 307 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و دوو هەزار و 20 بڕیار لە دژی ئەو کەسانە دەرکراون کە تۆمەتبار بوون بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ