رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فیدراڵ دەستەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - حەدیسە پێکدەهێنێت و بڕیار درا بڕی 1.5 ملیار دۆلار بۆ ئەم ساڵ بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بکرێت.
بڕیاری پێکهێنانی ئەم دەستە تایبەتە لە کۆبوونەوەیەکدا درا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 26-4-2026، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، دەستەکە بە فەرمانی سوودانی پێکهێنراوە و بریکارێکی وەزارەتی نەوت سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها راوێژکارانی پسپۆڕی سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازی تێیدا ئەندام دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، وردەکاریی پڕۆژەکەیان روونکردەوە و باسیان لەو شوێنانە کرد کە پڕۆژەکە تێیدا پەکیکەوتووە، لەگەڵ شێوازی لادانی بەربەستەکان.
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور. بۆرییەکە لە بەسرەوە دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار و لەوێشەوە بەرەو بەندەرەکە دەڕوات.
هەروەها دەتوانرێت لە رێگەیەوە نەوتی بەسرە بگوازرێتەوە بۆ بۆرییەکانی کەرکووک بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو رێکارانە کراوە کە
گیراونەتە بەر بۆ بەدواداچوونی دوو گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە؛ یەکەمیان لە 11ـی ئابی 2024 و دووەمیان لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025 واژۆ کراون.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، ئەم بۆرییە گەرەنتیی هەناردەکردنی نەوتی خاو بە ئاسانی دەکات لە رێگەی بەندەرەکانی جەیهانی تورکیا، بانیاسی سووریا و عەقەبەی ئوردن، جگە لەوەی نەوت دەگەیێنێتە پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشوور.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان ئەوە بووە کە بۆ ئەمساڵ بڕی 1.5 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکە تەرخان بکرێت، کە پارەکە لە رێگەی رێککەوتنی نێوان عێراق و چین دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ