هاوڕێ تۆفیق: لایەنە شیعەکان دەیانەوێت وادەی دەستووری تا چوارشەممە درێژ بکەنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
هاوڕێ تۆفیق و شەهیان تەحسین
هاوڕێ تۆفیق و شەهیان تەحسین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی یاسایی رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار ئاڵۆز و ناوی بەربژێرەکان کاژێر بە کاژێر دەگۆڕێن. هاوڕێ تۆفیق دەشڵێت: "بەهۆی پشووە فەرمییەکانەوە، وادە دەستوورییەکە تاوەکو کاژێر 12ـی شەوی چوارشەممەی داهاتوو درێژ دەکرێتەوە."
 
هاوڕێ تۆفیق، پسپۆڕی یاسایی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی رووداو رایگەیاند، پڕۆسەکە بە قۆناخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و عێراق لەبەردەم "سوپرایز" دایە. ئەو گوتی: "چەند کاژێرێک پێش ئێستا باس لە ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکرا، دواتر ناوەکە گۆڕا بۆ باسم بەدری و پاشان ئەستێرەی بەختی حەیدەر عەبادی درەوشایەوە، بەڵام دواجار بابەتەکە جارێکی دیکە قوفڵ بووەوە."
 
تەفسیرەکەی دادگەی فیدراڵی و درێژکردنەوەی وادەکە
 
بەپێی دەستووری عێراق، پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری کوتلەی گەورە رابسپێردرێت. هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بە پێشهاتێکی یاسایی کرد و گوتی: "ئەگەرچی بەپێی دەستوور ئەمشەو کاژێر 12 وادەکە کۆتایی دێت، بەڵام بڕیارێکی پێشووتری دادگەی فیدراڵی هەیە کە دەڵێت رۆژانی پشووی فەرمی (هەینی و شەممە) لە هەژمارکردنی وادە دەستوورییەکاندا دەردەکرێن."
 
ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە، بەهۆی هەبوونی 4 رۆژ پشوو لەم ماوەیەدا، وادەکە دەبێتە 19 رۆژ و تاوەکو کاژێر 12ـی شەوی چوارشەممەی داهاتوو درێژ دەبێتەوە.
گوتیشی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاویان لە تەفسیرەکەی دادگەی فیدراڵییە نەک دەقی رەهای دەستوور، چونکە بڕیاری دادگە پابەندکەرە."
 
دەسەڵاتی سەرۆککۆمار و "پێوەری یاسایی"
 
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان ئەوەیە کە دەستوور باس لەوە ناکات ئەگەر کوتلەی گەورە لە 15 رۆژەکەدا بەربژێری پێشکێش نەکرد چی روودەدات. هاوڕێ تۆفیق دەڵێت: "مادەی 76ـی دەستوور تەنیا چارەسەری شکستی بەربژێری راسپێردراوی کردووە لە دوای راسپاردن. پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆککۆمار داوای تەفسیری یاسایی
لە دادگەی فیدراڵی بکات. گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە دادگە دەسەڵاتەکە بداتە سەرۆککۆمار تاوەکو خۆی ناوێک دیاری بکات، ئەویش دوای پێدانی دوا دەرفەت بە لایەنەکان."
 
کاریگەریی دەرەکی و "پەیامەکەی ترەمپ"
 
هاوڕێ تۆفیق تیشکی خستە سەر لایەنە سیاسییەکەی کێشەکە و گوتی: "دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین کە ئەم کێشەیە دوای تویتێکی دۆناڵد ترەمپ سەریهەڵدا. پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک کوتلەی زۆرینە نووری مالیکییان بەربژێر کردبوو، بەڵام تویتەکەی ترەمپ وەک جۆرێک لە ڤیتۆی وڵاتێکی زلهێز هاوسەنگییەکانی تێکدا و کێشەکەی دروست کرد."
 
سەرۆکوەزیران یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران؟
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بە جیاوازییەکی دەستووریی قووڵ کرد و گوتی: "لە دەستووری عێراقدا چەمکێک نییە بە ناوی سەرۆکوەزیران (رئیس الوزراء)، بەڵکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران (رئیس مجلس الوزراء) هەیە. ئەمە تەنیا جیاوازییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە ئەرکدا."
 
ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە کە "سەرۆکوەزیران" واتە کەسێک کە بڕیاردەری تاکڕەو و کۆتاییە، بەڵام "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران" واتە کارێکی بەکۆمەڵ. 
 
هاوڕێ تۆفیق جەختی کردەوە، چارەسەری راستی ئەوەیە لایەنەکان رێکبکەون لەسەر ئەوەی کە ئەم پۆستە بگەڕێتەوە سەر ئەرکە راستییەکەی خۆی کە کاری بەکۆمەڵە نەک کارێکی تاکەکەسی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرۆکەیەک مەدەنی، وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

گەشتی ئاسمانیی نێوان نەجەف و تاران دەستپێدەکاتەوە

لە رۆژی یەکشەممەوە گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیای "ئێران ئێر" (Iran Air) هێڵی (تاران – نەجەف – تاران) دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بۆ سێ شاری دیکە فراوان بکات.