رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی ئازادیی ئایینیدا لە عێراق، "لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان" دەڵێت، ئازادیی ئایینی سنووردارە و پێشێلکاریی بەرامبەر عەرەبی سووننە، ئێزدی، جوو، کریستیان و کاکەییەکان کراوە.
ئەمریکا دەڵێت لەگەڵ عێراق لە پەیوەندیدا دەبن بۆ تیشک خستنەسەر پرسەکانی ئازادیی ئایینی و پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکان.
رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی (ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی) بڵاوکردەوە و لەبەشێکی راپۆرتەکەیدا باس لە ئازادی ئایینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزارەتەکە دەڵێ، عێراق ئایینی ئیسلامی لە دەستوور وەک ئایینی سەرەکی ناساندووە و هیچ یاسایەک پێچەوانەی ''ئەحکامە جێگیرەکانی ئایینی ئیسلام'' جێبەجێ ناکرێت.
دەستووری عێراق ئازادی ئایینی بۆ باوەڕدارانی ئایینی دابینکردووە، کە بتوانن پابەندییە ئایینییەکانیان جێبەجێبکەن؛ لەنێویاندا موسڵمانەکان، کرستیانەکان، ئێزدییەکان و سابیئەی مەندانی، بەڵام ''بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بە شوێنکەوتووانی ئایینی دیکە یان بێ باوەڕەکان نەداوە."
وەزارەتەکەی ئەمریکا هەروەها دەڵێ "بەگوتەی چەند چالاکڤانێک و بەرپرسانی ئێزدی، هێشتا ئێزدییەکان ترسیان لە گەڕانەوە بۆ شنگال هەیە، بەهۆی خراپی ژێرخان، نەبوونی حکومەتێکی خۆجێیی بەهێز، هەروەها ئامادەیی گرووپە میلیشیا پشتیوانلێکراوەکان لەلایەن ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی عێراق کاری کەم و سنوورداری کردووە لە "دۆزینەوە و رزگارکردنی ئێزیدییە بێسەروشوێنبووەکان."
هەر لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێزدییەکان 30٪ـی ئەو 700 هەزار ئاوارەیە پێکدەهێنن، کە لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندان. هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 2020ـی شنگال و سەقامگیرکردن و ئاساییکردنەوەی ئەو ناوچەیە، کەمبوون.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیڕەوکارانی کاکەیی (یارسانی) گوتوویانە "وەقفی شیعەی حکومەتی فیدراڵ لە دیالە و بەغدا دەستیان بەسەر چەند پەرستگەیەکی کاکەییەکاندا گرتووە و، کردوویانەتە حوسەینییە."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو چالاکڤانانەی بانگەشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن کە "نایاساییە"، رووبەڕووی سزای تووندی زیندانیکردن و لەسێدارەدان دەبنەوە. هەربەپێی راپۆرتەکە "جووەکان لە ئەرکی سەربازی و کەرتی گشتیدا رووبەڕووی هەڵاواردن و جیاکاری دەبنەوە. ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن وەک پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ، رووبەڕووی عەرەبە سوننەکان دەبێتەوە."
هەروەها، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حەشدی شەعبی "هەڕەشە لە پێکهاتەکان و کۆمەڵگە سوننەکان دەکات، پێکهاتە ئایینییەکان لە پێشێلکاری نێو کۆمەڵگە و تەنانەت ناسنامەکانیان رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر دەبنەوە. چەند کریستیانێکیش باسیان لەوەکردووە بەزۆر، ماڵ و موڵکیان فرۆشراوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق چەندین سکاڵای لەلایەن کەسوکاری ئەو دەستگیرکراوانە بەدەست گەیشتووە، کە بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستبەسەرن و باس لە "ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" دەکەن. سەرکردەی سوننەکان دەڵێن "9000 کەس لە سوننەکان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لەسێدارەدراون."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر زاری عەرەبە سوننەکان هەروەها دەڵێت "لەکاتی دەستگیرکردن، دەستبەسەریی پێش دادگاییکردن و دوای دادگاییکردنیش، کەسوکاریان رووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدان بوونەتەوە." هەروەها، چەندین رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ گوتوویانە، پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە بە "وشە و لێدان" ئازار دراون.
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە باس لەوەدەکات "بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق لە پەیوەندیدادەبن بۆ تیشک خستنەسەر پرسەکانی ئازادیی ئایینی و پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ