رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی گەنم کەم بووە و بەرهەمهێنانی برنجیش سفر بووە.
د. مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ، لەکۆی پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوی داچێندراو بە گەنم، بەهۆی کەمبارانیی زستانی رابردووەوە، بەرهەمەکەی نزیکەی پێنج ملیۆن و 120 هەزار تۆنە، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر نزیکەی 6 ملیۆن و 400 هەزار تۆن بوو."
لەبارەی بەرهەمی برنجیش، د. مەهدی گوتی، "کەمبارانی زستانی رابردوو و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەی کە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیان تێدا هەڵدەقوڵێت، بەتایبەتی تورکیا؛ وایکرد کە ئەم ساڵ بەرهەمی برنجمان سفر بێت، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 200 هەزار دۆنممان بە برنج چاند و بەرهەمەکەی نزیکەی 150 هەزار تۆن بوو."
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم ساڵ تەنیا 200 دۆنم بە برنج چێندراوە، "بەرهەمەکەشی تەنیا بۆ تاقیگە حکومییەکان و توێژینەوەی زانکۆکان بوو."
بە گوتەی د. مەهدی، زۆرترین زیان لە کەمبوونەوەی بەرهەمە هاوینەییەکان بەهۆی کەمبارانییەوە بەر پارێزگاکانی، نەجەف، دیوانییە و موسەننا کەوتووە.
سەبارەت بە بەرهەمی سەوزە و میوە، د. مەهدی جبووری رایگەیاند، "بەوپێیەی ئەو بەرهەمانە بڕێکی زۆر ئاویان پێویست نییە، بۆیە بە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو توانیمان بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لە مەترسی کەمبارانی بپارێزین."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بەراورد بە پار 27٪ دابەزیوە، ئەمە جگە لەوەی بەنداو و کۆگەکانی ئاو تەنیا 8٪ ئاویان تێدایە، کە بەراورد بە پار 57% کەمیکردووە.
گرفتی کەمبارانی تەنیا ئەم ساڵ نییە کە بەرۆکی عێراقی گرتبێت، زۆربەی ساڵەکانی 10 ساڵی رابردوو، کەمبارانی و وشکەساڵی بووە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی کەمبارانی، وشکەساڵی و بەبیابانبوونەوە، لەماوەی دەیەی رابردوودا، زیاتر لە 17 هەزار خێزان کۆچیان کردووە، کە زۆرترینیان دانیشتووی پارێزگاکانی بەسرە، زیقار و میسانن."
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم وشکەساڵییەی کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیان تێدا هەڵدەقوڵێت."
بەگوێرەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە ساڵی 1933ـوە، ئەم ساڵ وشکترینە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ