بەسرە یەکەم و کەرکووک حەوتەم گەرمترین شوێنی جیهانن

27-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بەسرە یەکەم و کەرکووک حەوتەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون. لە کۆی 15 گەرمترین شوێنی جیهان 12یان لە عێراقن 
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تاوەکو  6ی بەیانی بە کاتی ئەمریکا، 12 لەو شوێنانەی کە بەرزترین پلەی گەرمایان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە، لە عێراق و باشووری کوردستانن. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 52.2 پلەی سیلیزی بووە،  گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای ئەویش شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە، کەرکوویش لە پلەی 7 دێت کە 50.2 بووە.
 
لیستی 15 گەرمترین شوێنەکانی جیهان بەم شێوەیەیە:
 
1- فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە لە عێراق: 52.2°C
2- ئەهواز لە خوزستانی ئێران: 51.2°C
3- بەسرە- حوسێن: 50.9°C
4- ناسرییە: 50.6°C
5- ئۆمیدیە: 50.6°C
6- موسڵ: 50.4°C
7- کەرکووک: 50.2°C
8- حیللە: 50.1°C
9- ئەبادان لە ئێران: 50°C
10- دیوانیە: 50°C
11- عەممارە: 49.8°C
12- بەدرە لە واست: 49.8°C
13- کوت لە  واست: 49.8°C
14- کەربەلا: 49.7°C
15 روفاعی لە زیقار: 49.7°C
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شەپۆلە نزمەپاڵەپەستۆ گەرمییە وەرزییەی کە رووی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە وایکردووە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، "پێشبینی دەکرێ نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە پلەی گەرما لە بەشێکی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بگاتە 52 پلەی سیلیزی، لەوانە بەسرە، زیقار و میسان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا پلەی گەرمای 51 پلە لە پارێزگاکانی بەسرە و سەماوە تۆمارکراوە، هەروەها لە کەرکووک 50 پلە تۆمارکراوە، بەغدا دوێنێ نزیکەی 50 بوو.
 
بە گوتەی عامر جابری، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە