رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی وردی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، نابێت رێگە بدرێت ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە هەیە، بگەنە پەرلەمان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەمموزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگرانی سەرۆکی دادگەی تەمیزی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، سەرۆکی دەستەی دادوەریی تایبەت بە تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە ئامادە بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەکە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کرا تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون:
- یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بەشێوەیەکی ورد جێبەجێ بکرێت.
- رێگری بکرێت لەو کەسانەی پەیوەندیان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە هەیە بگەنە پەرلەمان.
- پێویستە رێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن.
- رێگە نەدرێت دۆسییەکە بۆ ئەو مەبەستانە بەکاربهێندرێت کە لە دەرەوەی یاسادان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە هەبووە و یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە، بۆیان نییە خۆیان بۆ هیچ پۆست و پلەیەک بەربژێر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ