عێراق
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنی دەنگدەرێک دەکات، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرووی 23 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا مافی دەنگدانیان هەیە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 27ی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا سەرووی 23 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. یەک ملیۆن و 31 هەزار و 605 کەسیش تۆماری خۆیان نوێ کردووەتەوە.
بڕیارە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
لەبارەی پارت و هاوپەیمانییەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، 296 پارتی سیاسی و 50 هاوپەیمانیی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
بۆ یەکەمجار لە دواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
رۆژی 27-3-2023، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ