رووداو دیجیتاڵ
ئەو زڕدایکەى کە لە بەغدا منداڵێکى حەوت ساڵانى بە چەقۆ، لێدان و سووتاندن کوشت، لەلایەن دادگەوە بە 15 ساڵ بەندکردن سزادرا.
27ى ئابى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى کەرخ بڕیارى لەبارەى دۆسیەى گیانلەدەستدانى (موسا وەلا) داوە، بەهۆى تووندوتیژیی بەرامبەرى لەلایەن زڕدایکییەوە، بە لێدان بەدەست و سەرکێشانى بەدیواردا.
رووداوەکە لە 20ى مانگى تەممووزى رابردوو لە ناوچەی خەتیبی شارۆچکەی شوعلەی بەغداى پایتەخت روویداوە.
ئەو زڕدایکە ناوی عەزرا جەنابی-یە، لە دانپێدانانەکانیدا کە پۆلیسی عێراق 3ى ئاب بڵاویکردەوە، دەڵێت: "من دووجار لێمدا و بەر دیوارەکە کەوت، دواتر بەهۆی تووندیی لێدانەکەوە دووجار کەوت."
20ى تەممووز و لە دواى لێدانى لەلایەن زڕدایکەکەیەوە، موسا وەلا گیانى لەدەستدا.
ئەحمەد وەلا، براى موسا لە دانپێدانانەکاندا گوتى: "هەناسەی نەمابوو، چاوەکانی سپی هەڵگەڕان، گوتم دایکە مرد، گوتی نا درۆ دەکات و نمایش دەکات، ئاوم بەسەردا کرد و دەمویست هەڵیبسێنم، دایکم گوێی پێنەدا، ئەمە کاژێر 11:00ـی بەیانی بوو، ئەو ژنە زۆر ئاسایی بوو تاوەکو کاژێر 03:00 گوێی پێنەدا، براکەم لە باوەشی من گیانی لەدەستدا."
دادگەى کەرخ بەگوێرەى مادەکانى 410 و 183ی یاسای سزادانى عێراقى، سزاى ئەو زڕدایکەى داوە کە تایبەتن بە هاوبەشیکردن لە تاوان، لێدان و تووندوتیژی کە بەهۆیەوە ئەو کەسەى تووندوتیژى بەرامبەر کراوە، گیانلەدەستبدات، تەنانەت ئەگەر تووندوتیژییەکە بۆ ئەو مەبەستەش نەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ