حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیی کشاندەوە

27-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا، حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەماندا کشاندووەتەوە و "هۆکارەکەیشی فشارەکانی ئەمریکایە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 ئیبراهیم دلێمی، راوێژکاری یاسایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سوودانی بە ئەندامانی چوارچێوەکەی گوتووە، ئەگەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەکشێنینەوە، رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا دەبینەوە و عێراق وێران دەبێت."
 
ئیبراهیم دلێمی دەڵێت، لەو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، "بڕیاری کشاندنەوەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دراوە."
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی، "هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ئەگەری دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە زۆر جیدین، تەنیا لە رێگەی ئابوورییشەوە ئەمریکا توانای ئیفلیجکردنی عێراقی هەیە."
 
هاوکات مەهدی کەعبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا هەواڵی کشانەوەی پڕۆژەیاساکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "کشاندنەوەی پڕۆژەیاساکە لەلایەن حکومەتەوە بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو گوشارە زۆر و بەردەوامانەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە."
 
لەبارەی ئەگەری ناردنەوەی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان و دەنگدان لەسەری، مەهدی کەعبی گوتی، "پەرلەمانتارانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام تاوەکو رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان زۆرینەی لایەنەکانی پەرلەماندا نەکرێت، قورسە بتوانرێت ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێندرێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا راشیگەیاند، "ئێمە هەمیشە دەستوەردانی دەرەکی لەسەر وڵاتەکەمان رەتدەکەینەوە و دەبێت خۆمان خاوەن بڕیار بین نەوەک وڵاتانی دیکە."
 
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردووە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.
 
حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا و بودجەکە بۆ ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە