سوودانی بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد

27-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرکردە و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە رۆڵیان لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی داهاتەکەی بە گەنجینەی ناوەندی."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، محەممەد شیاع سوودانی دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە و "ستایشی پابەندبوونیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە بووەتەهۆی گەیشتن بە رێککەوتن لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا."
 
لە پەیوەندییەکاندا "جەخت لەسەر بەردەوامیی کارکردن کراوەتەوە بۆ پتەوکردنی گەشەپێدانی نیشتمانی و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان، بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی ئابووریی گشتگیر، پاراستنی سامانی نیشتمانی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەسەر هەموو هاووڵاتییانی عێراق"، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوەکە. 
 
لە پەیوەندییەکاندا پشتیوانی بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە عێراق دووپاتکرایەوە، وەک بزوێنەری سەرەکیی گەشەپێدانی گشتگیر و هۆکارێک بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی جۆری لە ئابووریی عێراق.
 
رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنەوە دەستیپێکرد.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ئاداری ساڵى 2023ەوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە