دەستەی دەروازە سنوورییەکان: دەست بەسەر 11 بازدا گیرا کە ئامادەکرابوون بە قاچاخ ببرێنە کوێت

27-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 11 بازدا گرتووە، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی لە رێگەی بەسرەوە بە قاچاخ ببرێنە کوێت. دەستەکە دەڵێت چوار کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتی بە بازەکان دەستگیرکردووە.
 
رۆژی هەینی، 27-10-2023، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەروازەی سەفوانی سنووری لە نێوان عێراق و کوێت دەست بەسەر 11 بازدا گیرا کە لەلای چوار هاووڵاتی عێراقییەوە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە قاچاخ ببرێنە کوێت."
 
عەلائەدین قەیسی ئاماژەی بەوەدا هێزەکانیان لە نێو دەروازەکە گومانیان لەو چوار کەسە هەبووە، بۆیە دوای پشکنین دەرکەوتووە کە 11 بازیان پێبووە و بەنیاز بوونە بە قاچاخ بیبەنە کوێت، بۆیە هەر چوار کەسەکەیان دەستگیر کردوون، هەروەها دەستیان بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی قاچاخچییەکاندا گرتووە.
 
بەپێی گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڵگەنامە و کۆنووسی تایبەت بە رووداوەکە کراوە، سەرجەم کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان و چوار تۆمەتبارەکە و بازەکانیش رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کران بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
 
لە عێراق 22 دەروازەی سنووری هەن، لە هەرێمی کوردستانیش 6 دەروازەی نێودەوڵەتی و 7 دەروازی نافەرمی هەن، بەشێکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق زۆر جار هەوڵی بەقاچاخبردنیان تێدا پووچەڵ دەکرێتەوە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە