رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن بۆ یەک بازنەیی و پێشبینیی بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی بەشداریی عەرەبی سوننە، دوو هۆکاری سەرەکین کە "پێگەی کورد لاواز دەکەن" و گەڕانەوەی دەنگدەرانی ئاوارە دەکەنە تاکە رێگەچارە. داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات، "خەڵک هان بدەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕانەوەیان،" تاوەکو بتوانن بەشداری لە دەنگدان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-10-2025، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکارەکانی ئەم مەترسییەی زیاتر شیکردەوە و گوتی، "لە هەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2021دا، نەینەوا دابەشکرابوو بەسەر هەشت بازنەدا و کورد توانی لە پێنج بازنەدا بوونێکی بەهێزی هەبێت و 11 کورسی مسۆگەر بکات. بەڵام ئەمجارە تەواوی نەینەوا کراوەتە یەک بازنە، ئەمەش دەنگی کورد پەرت دەکات."
هۆکاری دووەم، "پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریی عەرەبی سوننەیە. لە رابردوودا باوەڕی ئەوان بە پرۆسەی دیموکراسی لاواز بوو، بەڵام ئەمجارە پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشدارییان بگاتە سەرووی 60%، ئەمەش کێبڕکێکە بۆ کورد زۆر قورستر دەکات."
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری کەرکووکی و زیاتر لە 40 هەزار دەنگدەری کوردی نەینەوا لە دوای ساڵی 2017ـەوە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
بەرپرسانی دیکەی کوردیش هاوشێوەی کاکەیی هۆشداریی تووند دەدەن و بە "کارەسات"ی دادەنێن ئەگەر ئەم دەنگدەرانە نەگەڕێنەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی لە کەرکووک، رایگەیاند: "کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک هاوسەنگیی هێز تێکدەدات."
لە نەینەوا، کە نزیکەی 40%ی رووبەرەکەی ناوچەی کوردستانییە، لایەنە کوردستانییەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی دەنگدەران. کاکەیی ئامارێکی وردتری خستەڕوو و گوتی، "26 هەزار دەنگدەری ئاوارە لە کەمپەکانی دهۆک تۆمار کراون، بەڵام کێشەی سەرەکی زیاتر لە 35 هەزار دەنگدەری دیکەیە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن. پارتە کوردییەکان بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ هاندانیان تا بگەڕێنەوە."
بۆ لابردنی نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی ئەمنی، کاکەیی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە، دڵنیایی دایە ئاوارەکان و رایگەیاند: "لە رووی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەک نییە و بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، نەینەوا دووەم ئارامترین شاری عێراقە. ئێمە هەموو ئاسانکارییەک لە بازگەکاندا دەکەین."
جگە لەمە، کێشەی تەکنیکی و ئیداری لە تۆماری دەنگدەرانی ئاوارەی شنگالدا دروست بووە، کە ناوی بەشێک لە ئەندامانی یەک خێزان لە شوێنی جیاواز تۆمار کراوە و مەترسیی فەوتانی هەزاران دەنگی دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ