وەزارەتی کارەبای عێراق: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر 1200 مێگاوات کارەبامان کەمیکردووە

27-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، 1200 مێگاوات کارەبایان کەمیکردووە.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیستمی وزەی کارەبای نیشتمانی 1200 مێگاواتی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان گرێبەستی کڕینی کارەبای لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەهۆی هێرشەکەشەوە 1200 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین دروستکردووە.
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە".
 
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی وردبینی و بەدواداچوونن بۆ ئەو زانیارییانەی لەبارەی هێرشەکەوە بەدەستیان گەیشتووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-11-2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کاژێر 11:30ی شەوی رابردوو، کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی هێرشێکی ناڕەوا بووەوە، کە بووە هۆی سووتانی یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی ئەم کێڵگە گازییە گرنگە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە."
 
شانەکە دەڵێت: "ئەمە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و کردەوەیەکی تیرۆریستی مەترسیدارە بۆ ئاستەنگ دروستکردن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری دەدرێن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەستدرێژییە کاریگەری و دەرەنجامی نەرێنی لەسەر سیستمی کارەبا دەبێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هاوکات زیان بە سامانی وڵات و سەرچاوەکانی وزە دەگەیەنێت".
 
فەرماندەییەکە هۆشداری دەداتە ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و دەڵێت: "ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە تێوەگلاون لەم کردەوە ناڕەوا و ترسنۆکانەیەدا".
 
هێرشی سەر کێڵگەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ هەزار مێگاوات. بەوهۆیەوە پێدانی کارەبای 24 کاژێری بۆ 5 کاژێر کەمبووەوە. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای رێکاری تووند بەرامبەر ئەوانە دەکات کە ئەو کارەیان کردووە. هەروەها داوای لە هاوبەشە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد سیستمی پاراستنی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکەن. 
 
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی ئێکس نووسیویەتی: "جارێکی دیکە، تیرۆریستە هەمیشەییەکان کە لەسەر لیستی مووچەی حکومەتی فیدراڵن، هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر."
 
بەهۆی هێرشەکەوە، وەکو عەزیز ئەحمەد نووسیویەتی، "هەناردەکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش، کە نزیکەی 10%ـی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات پێکدەهێنێت، بەتەواوی وەستاوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە