رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە و گەیشتووەتە دەست تەیف سامی.
سەرچاوەکە بە رووداوی گوت، بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی نەوت، زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە فرۆشراوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە "هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای گەیشتنی نووسراوەکەی وەزارەتی نەوت لەمڕۆدا، بڕیارە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەبارەت بە کاتی ناردنی پارەکە، ئەو سەرچاوە باڵایە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەستەمە ئەمڕۆ بەغدا پارە بنێرێت، رەنگە ناردنی پارەکە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دامودەزگاکانی خۆی کردووە. پێشتریش بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، بەغدا تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش نەکات، پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 8 مووچەیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق خەریکی وەرگرتنی مووچەی مانگی 11ـی ئەم ساڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ