گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: سیستمی بەرگری دەکڕین و هەرێمی کوردستانیش دەپارێزین

27-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، گرێبەستیان بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی کردووە و ئاسمانی هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەپارێزێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانەی کە گرێبەستی کڕینمان لەگەڵ لەگەڵ کۆریای باشوور دا کردووە، بۆ پاراستنی هەموو ئاسمانی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "کاتێک سیستمەکە گەیشتە دەستمان، وەزارەتی بەرگری لەڕێگەی لیژنەیەکی هونەرییەوە شوێنی دانانی سیستمەکان دیاری دەکات."
 
ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە شەوی چوارشەممە کرا و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە.
 
سەباح نوعمان گوتی، "ئەو لیژنەیەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکهێنراوە، لەماوەی 72 کاژێردا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان پێشکێشی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان دەکەن."
 
رۆژی 11ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای LGI کۆری کردووە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و گوژمەی یەکەم سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگاتە دەستمان کە لە 8 سیستمی بەرگری پێکدێت."
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی گوت، "گرێبەستی کڕینی چەندین راداریشمان بۆ بەرگریی ئاسمانی لە فەرەنسا کردووە، کە بەشێکی گەیشتووەتە دەستمان و بەشەکەی دیکەی ساڵی داهاتوو بەدەستمان دەگات."
 
لیوا تەحسین گوتیشی، "گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە، بۆ کڕینی چەند سیستمێکی مووشەکی، کە ئەوەش پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی وڵات."
 
ئەمڕۆ و دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، "ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە، و بە بەردەوامی جەخت لەسەر گرنگیی سەپاندنی سەروەری عێراق دەکەینەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی، و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکەکان، بەتایبەتی درۆن و مووشەک و رۆکێتەکان، دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ، عەزیز ئەحمەد، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند،  "کاریگەرترین یارمەتی کە بەغدا دەتوانێت پێشکێشی بکات، پێدانی مۆڵەتە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت سیستمی بەرگری لە دژی هێرشی مووشەکی و درۆنی بکڕێت."
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، "پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان" و گوشار بخەنە سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی "تاوانی لەو جۆرە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە