رووداو دیجیتاڵ
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق داوادەکات دەستووری عێراق هەموار بکرێتەوە و سیستمی وڵات بکرێتە نیمچە سەرۆکایەتی و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لە ریشەوە چارەسەر بکرێت، هەروەها داوا دەکات، پارێزگارەکان راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن.
د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، رۆژی 26-12-2023 وتارێکی لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوکردووەتەوە، لە بەشێکی وتارەکەیدا داوای کاراکردنی رۆڵی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و چارەسەرکردنی دۆخی بنبەستی سیاسی دەکات، کە بە گوتەی ئەو، دوای هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەڵێت، "ئەمە پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە کە دەستپێدەکات لە دووبارە چاوخشاندنەوە بە دەستوور و هەموارکردنەوەی بەپێی چوارچێوەی دەستووری و یاسایی، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە شکست و ئاستەنگییەکان کە لە دەرهاویشتەی جێبەجێکردنی هاتووەتە ئاراوە، هەروەک پێشتر پێشنیازم کردووە، دەکرێت سیستمی پەرلەمانی چاکبکرێت و بگوزارێتەوە بۆ سیستمێکی نیمچە سەرۆکایەتی".
لە وتارەکەیدا سەرۆککۆماری پێشووی عێراق داوا دەکات، پارێزگارەکان بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن دانیشتووانی پارێزگاکە هەڵبژێردرێن، بەشێوەیەک سیستمی دیموکراسی و لێپرسینەوەی جەماوەریی بەهێز بکات، چارەسەرێکی ریشەیی قەیرانی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بکات.
د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح پێیوایە یەکێک لەو ئاڵنگاری و مەترسییانەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، "پێشێلکردنی سەروەریی و شکۆی دەوڵەتە، کە نێردە دیپلۆماسییەکان، دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق و بنکەی سەربازی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە میوانن دەکرێنە ئامانج کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوون، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە زیان لە عێراق و خەڵکەکەی دەدات."
د. بەرهەم ساڵح ستایشی هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت، "هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بابەتەدا جێگەی پێزانینە، پێویستە پشتگیری و پشتیوانی بکرێت لە بەرپەرچدانەوەی بکەرانی پێشلکارییەکان و سەرکوتکردنی لە یاسا دەرچووان. بڕیاری جەنگ و ئاشتی، بڕیاری دەوڵەت و دامەرزاوە دەستوورییەکانییەتی، نەک بڕیاری لە یاسا دەرچووان کە حیساب بۆ ئاکامەکانی سەر وڵات و خەڵکەکەی ناکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ