رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێش دەستپێکردنی وەرزی هاوین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو رێگەیەوە بڕی 1250 مێگاوات کارەبا بۆ نێو تۆڕی نیشتمانی زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە وڵاتانی دراوسێوە پێش وەرزی گەرما دەکەونە کار، ئەوەش بە ئامانجی سەقامگیرکردنی دۆخی کارەبا و زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانیان."
سەبارەت بە بڕی ئەو وزەیەی بڕیارە هاوردە بکرێت، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، بڕی 600 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە هاوردە دەکەن ، 500 مێگاوات لە قۆناخی یەکەمی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و هەروەها 150 مێگاواتیش لە ئوردنەوە هاوردە دەکرێت.
ئەحمەد مووسا باسی لەوەش کرد، تەواوی ئەو وزەیەی هاوردە دەکرێت دەخرێتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە و بەپێی پێویستیی پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بە جۆرێک ناوچەکانی باشوور، باکوور، پارێزگای ئەنبار و بەغدای پایتەخت سوودمەند دەبن.
بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستیی وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ