رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پێشنیازە یاسایەک دەکات بۆ چارەسەری خۆڵ و خاشاک، سزای پیسکردنی ژینگەی بە بەندکردن تاوەکو ساڵێک و پێبژاردن تاوەکو 10 ملیۆن دینار دیاری کردووە.
پێشنیازە یاساکە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و دراوەتە هەردوو لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە، لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
ئاسۆس عەلی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو پێشنیازە یاسایە هی خولەکانی رابردووە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، دواتر پێشنیاز و تێبینی لەبارەیەوە کۆدەکرێتەوە."
پێشنیازە یاساکە کە بە ناوی "چارەسەری پاشماوە رەقەکانی شارەوانی"یە، لە 19 ماددە پێکهاتووە. ناوەڕۆکی پێشنیازە یاساکە بۆ چارەسەری خۆڵ و خاشاکی ماڵان، کۆمپانیا، کارگە، باخ و چالاکیی دیکەیە، بۆ ئەوەی ئەو بەشەی ریسایکلین بکرێت، کە دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت، ئەوەش لە رێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە.
کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چارەسەرکردنی، یەکێکە لەو بڕگانەی لە پێشنیازە یاساکەدا مەرجی بۆ دانراوە، کە لەلایەن شارەوانیی سەر پارێزگایەکەوە دەکرێت.
لە پێشنیازە یاساکەدا هاوردەکردنى پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی قەدەخە دەکرێت، بەڵام هەناردەکردنی پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتەکانی ژینگە و تەندروستیی عێراقە.
دوو جۆر سزا لەو پێشنیازە یاسایەدا دیاریکراون بۆ ئەوانەی سەرپێچیی رێکارەکان دەکەن؛ سزای پێبژاردن و بەندکردنە.
ئەو کەسانەی کە مامەڵە بە خۆڵ و خاشاکەوە دەکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتبێت، سزاى بەندکردنیان بۆ دیاری کراوە کە لە نێوان 3 مانگ بۆ ساڵێکە، هەروەها سزای پێبژاردنی هەیە کە یەکەی کارگێڕیی پارێزگاکان دیاریی دەکەن، بەو مەرجەی لە نێوان 5 بۆ 10 ملیۆن دینار بێت.
هەر کەسێکیش خۆڵ و خاشاک لە دەرەوەى شوێنی دیاریکراوی خۆی فڕێ بدات، سزای پێبژاردنەکەی لە 100 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینارە.
نازک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە لیژنەکەیان کار لەسەر ئەوە دەکەن گۆڕانکاری لە سزاکانی ئەو پێشنیازە یاسایەدا بکەن، کە جیاوازی هەبێت لە نێوان سزای کۆمپانیاکان و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ