رووداو دیجیتاڵ
سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کابینەی وەزاری. گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت، زەیدی سەرمایەدارە و پەیوەندی بەهیچ گرووپێکی چەکدارییەوە نییە.
عەباس موسەوی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی رایگەیاند، سبەی سێشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کابینەی وەزاری.
"زەیدی پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە نییە"
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی رۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عەلی زەیدی کەسێکی سەرمادارە، سیاسەتمەدار نییە و پەیوەندی بەهیچ گرووپێکی چەکدارییەوە نییە".
گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، گوتی، دوای ئەوەی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی، حەیدەر عەبادی و باسم بەدری سازان نەکرا، پەنا برایە بەربژێرکردنی عەلی زەیدی، وەک بزنسمان و سەرمایەدارێک بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانەی ئێستا دەرباز بکات، لانیکەم لە رووی دارایی و ئابوورییەوە.
ئێوارەی دووشەممە 27ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی حکومی لە بەغدا، بە فەرمی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بەربژێر کرد. دوای راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرۆککۆماری عێراق مەرسومی راسپاردنی بۆ عەلی زەیدی دەرکرد؛ بەپێی دەستوور، ئێستا 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی کابینە وەزارییەکەی پێکبهێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.
هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی، پێشوازی لە راسپاردنی عەلی زەیدی کرد. عەزم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی پێشکەوتووە لە رێڕەوی تەواوکردنی شایستەکانی دەستووری."
هاوپەیمانییەکە سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ هەوڵەکانی لە ماوەی رابردوودا و ئاماژەی بەوە کرد کە سوودانی بە شێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ئاڵنگارییەکان کردووە، ئەوەش هاوکار بووە لە رەخساندنی کەشێکی سیاسیی لەبار بۆ گەیشتن بەم تەباییەی نێوان لایەنەکان.
عەزم داوا دەکات حکومەتی داهاتوو لە وادەی دەستووریی خۆیدا پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی خواستی خەڵک بێتە دی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ