رووداو دیجیتاڵ
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات و پشتیوانیی خۆی بۆ رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی لە ماوەی یاساییدا کابینە نوێیەکەی پێکبهێنێت.
لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگەیاند، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات کە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بەربژێر کراوە و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە نووسراوی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆ دەرچووە.
سوودانی لە پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ زەیدی خواستووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەم بژاردەیە بەرهەمی کۆدەنگیی نیشتمانی و بەشداریی فراوانی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا."
هەر لەو پەیامەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ "هاوکاریکردنی تەواوی عەلی زەیدی لە ماوەی راسپاردنیدا" بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەرکەوتوویی پێداویستییەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو تەواو بکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە فەرمی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند و دواتر لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ