ئۆپەراسیۆنى هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق؛ 45 حەشارگە و سێ تونێلى داعش دۆزرانەوە

28-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
شانەى رایگەراندنى ئەمنى عێراق، ئەنجامى دوو رۆژى ئۆپەراسیۆنى"شمشێرەکانى حەق" بڵاوکدەکاتەوە کە پێشمەرگە، سوپا و هێزە ئەمنیەکانى عێراق بە هاوبەشى لە بۆشایی ئەمنى نێوانیان کردیان و 43 حەشارگە و سێ تونێلى داعش دۆزرانەوە.
 
رۆژی 28ى ئایارى 2023، شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق راگەیاند، رۆژانى 27-28 ى ئایار، قۆناخى پێنجەمى ئۆپەراسیۆنى "شمشێرەکانى حەق" کرا و تێیدا 43 حەشارگە و سێ تونێلى داعش دۆزرانەوە.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە بە هاوبەشی لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانى دیکەى عێراق لە بۆشایی ئەمنیی نێوانیان کرا کە دەکەونە سنوورى پارێزگاى دیالە و کەرکووک و قەزاى خورماتوو.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، 11 بۆمب، نۆ گولـلە هاوەن، خاڵێکى چاودێری و سێ ماتۆڕسکیلیان دۆزیوەتەوە.
 
رائید جەلیل فایەق، فەرماندەی فەوجی دووی لیوای سێی پێشمەرگە لە سنوورى گەرمیان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانى عێراق، لەلای خۆیانەوە و لەیەک کاتدا ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکردووە و تەنیا لە چەند ناوچەیەک هەردوو هێزەکە تێکەڵبوون."
 
رائید جەلیل فایەق گوتی، پێشنیبی دەکرێت لە 10 رۆژ بۆ مانگێکى دیکە، ئۆپەراسیۆنێکى دیکەى سەربازى لەو شێوەیە بکرێتەوە.
 
ساڵى 2021 هەردوو وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى بەرگریى عێراق رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى ژوورى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش لە سنوورى ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیالە، کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین. لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتنە بڕیار درا دوو لیواى هاوبەش پێکبهێنن بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنیى نێوانیان کە سەربازانى لە سوپاى عێراق و پێشمەرگە پێکبێن، کە بڕیارە لەدواى پەسەند کردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى 2023 بەفەرمى دەستبەکاربن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە