رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "عێراقی نوێ قبووڵ ناکات پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت و سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیریان دەوێت."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئەهرام"ی میسری رایگەیاند، "پێمان باشتر بوو ببینە پردێک بۆ گفتوگۆ نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان. کۆبوونەوەمان لەنێوان سعودیە و ئێران، ئوردن و تاران، هەروەها میسر و ئێران ئەنجامداوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "ئەوەمان لەیادە کە ئێران لە شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2014 لەگەڵمان وەستا." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی عێراقییەکان جیادەکاتەوە شانازییانە بە وڵاتەکەیان و شکۆ و کەرامەتیانە، کە رێگەیان پێنادات دیل یان پاشکۆی هیچ کەسێک بن، بەگشتی عێراقی نوێ قبووڵ ناکات پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت."
سەبارەت بە سووریا، سوودانی دەڵێت، "جگە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و پاراستنی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هیچ شتێکی دیکەمان لە سووریا ناوێت." جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەو کەلێنانەمان پڕکردووەتەوە کە دووژمنانی عێراق لێوەی دزەیان دەکرد، سەرکەوتوو بووین لە بەدەستهێنانی دەستکەوت لەسەر زەوی، کە متمانەی بۆ هاووڵاتی گەڕاندەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی بووژانەوەیەک و هاووڵاتی هەست بە متمانە دەکات. کاری حکومەت سەرنجی گەنجان و نەوە نوێیەکانی بۆ گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا راکێشاوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی جەختی لەوە کردەوە، "تەنیا ژێرخانی ئابووریمان دروست نەکردووە و هەوڵەکانمان تەنیا لە چوارچێوەی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەدا نەبووە، بەڵکو ژێرخانێکی زانیاریشمان دامەزراندووە، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆئەوەی رۆڵی خۆی لە سەرکردایەتیکردنی جیهانی عەرەبیدا دەستپێبکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ