سوودانی، مالیکی، عامری و حەلبووسی لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێرن

28-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیارترین هاوپەیمانیی لایەنە عێراقییەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەخاتەڕوو؛ زۆربەی سەرکردە باڵاکان خۆیان لە پارێزگای بەغدا بەربژێر کردووە.
 
بەغدا 71 کورسیی هەیە، 69ی کورسیی گشتی و 2ی کۆتای کریستیان و سابیئەی مەندائییە.
 
دیارترین ئەو سەرکردانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای بەغدا خۆیان بەربژێر کردووە بریتین لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتیی تەقەدووم؛ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان.
 
ئەو کەسانە زۆربەیان لە بنەڕەتدا خەڵکی بەغدا نین. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاساییە کەسێک خەڵکی پارێزگایەک بێت و لە پارێزگایەکی دیکە خۆی بەربژێر بکات." گوتیشی، "راستە زۆربەی ئەو کەسانە خەڵکی بەغدا نین، بەڵام لە بەغدا نیشتەجێن."
 
هاوپەیمانییە سەرەکییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
 
'هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان'
 
بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. دیارترین هاوپەیمانی و لایەنە بەشداربووەکانی عێراق بۆ ئەو هەڵبژاردنە بریتین لە (هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی رەوتی فوراتەین کە پێشتر یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی دەعوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو، ئەمجارە لەگەڵ کۆمەڵێک هێز و رەوتی سیاسیی عێراقە.
 
بەشداربووانی بریتین لە رەوتی فوراتەین، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی فالح فەییازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانیی نیشتمانیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، گردبوونەوەی وڵاتی سۆمەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدیی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هاوپەیمانیی داهێنانی کەربەلا بە سەرۆکایەتیی نەسەیف خەتابی، گردبوونەوەی نەوەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سەیهود و هاوپەیمانیی چارەسەری نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد ساحب دەراجی.
 
'هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا'
 
یەکێکی دیکە لە دیارترین هاوپەیمانییەکان بریتییە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی کە پێکهاتووە لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی بە سەرۆکایەتی عەبد سادە فرێجی، مونتەسیرون بە سەرۆکایەتیی فالح خەزعەلی، بزووتنەوەی هەمم بە سەرۆکایەتی وائیل جاسم، بزووتنەوەی بەشائیر شەبابییە بە سەرۆکایەتی یاسر مالیکی، رەوتی قەسەمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر ئەسەدی، یەکێتیی ئیسلامیی تورکمانی عێراق بە سەرۆکایەتی جاسم محەممەد جەعفەر، بزووتنەوەی وەهجی شەبابییە بە سەرۆکایەتی عەلی مالیکی، گردبوونەوەی رابوون و بنیادنان بە سەرۆکایەتی تەڵاڵ بیلال و رجال عێراق.
 
'هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی'
 
هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم. پێکهێنەرەکانی پێکهاتوون لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی،  نەسر و ئیسلاح (بەربژێریان نییە، بەڵام لەنێو هاوپەیمانییەکە دەمێنینەوە)، ئەراک، بزووتنەوەی جیهاد و بینا، پارتی ئاراستەی نیشتمانی، پارتی مەشرقی عەرەبی و بزووتنەوەی تمووح.
 
'هاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق'
 
هاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق بە سەرۆکایەتی هومام حەموودی کە  پێکهاتووە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی، ئیقتیدار وەتەن، گردبوونەوەی ئەساسی نیشتمانی، پارتی رێکخستنی ناوخۆ، گردبوونەوەی عێراقی نوێ، رەوتی کەلیمە و پارتی ئەمانە.
 
هەریەک لە رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و بزووتنەوەی سادقوونی سەر بە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
 
'هاوپەیمانیی بەدیل'
 
هاوپەیمانیی بەدیل بە سەرۆکایەتیی عەدنان زورفی پێکهاتووە لە بزووتنەوەی وەفا، حیزبی شیوعی، بەیت وەتەنی، پارتی ئیسقلال، گردبوونەوەی کۆماری، بزووتنەوەی مەدەنی، بزووتنەوەی کەفا و بزووتنەوەی شرووع.
 
حەلبووسی و چەند لایەنێکی دیکە
 
لە نێو سوننەکانیش، محەممەد حەلبووسیی سەرۆکی پارتی تەقەدووم، بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات یان پشتیوانی لە چوار لیست دەکات، کە بریتین لە تەقدووم، هاوپەیمانیی قیادە، ناسنامەمان و هاوپەیمانیی قیمەم.
 
هەروەها هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی و هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارن. 
 
پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، کە لە دوای بەغدا و نەینەوا زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە کە 25 کورسییە، چاوێکی زۆری  لەسەرە. زورغام مالیکی کە لەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایە، ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو  لەنێو هاوپەیمانیی تەسمیم بە سەرۆکایەتی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بە ژمارە سێ خۆی بەربژێر کردووە.
 
زورغام مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەسعەد عیدانی بەربژێری ژمارەی یەکە لەنێو لیستی هاوپەیمانی تەسمیم.
 
بەربژێری ژمارە یەک لە هاوپەیمانی و لیستەکان بریتین لە:
 
ئەسعەد عیدانی لە هاوپەیمانیی تەسمیم، حەیان عەبدولغەنیی وەزیری نەوت لە دەوڵەتی یاسا، عودەی عەواد لە بزووتنەوەی سادیقوون، مستەفا سەنەد لە هاوپەیمانی ئەبشر، عەلی شەداد لە رەوتی حیکمە لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشیتمانی، عەدنان جابری لە هاوپەیمانیی ئەساس، مزاحم تەمیمی لە فوراتەین لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و شاکر تەمیمی لە رێکخراوی بەدر.
 
پەرلەمانی عێراق 329 کورسییە؛ 320 گشتی و 9ی کۆتا. دەبێت لایەنی کەم 83ی کورسیی پەرلەمان ژن بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە