دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵای لەبارەی مووچە و پڕۆژەی رووناکی رەتکردەوە

28-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە مووچە و سکاڵایەکی دیکەی تایبەت بە پڕۆژەی رووناکیی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو سکاڵایانە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نین.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵای کرد لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەرەوە لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵی تۆمار کرابوون.
 
سکاڵاکان بە جیا لەلایەن پێنج فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کرابوون، تێیاندا داوایان کردبوو مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بنێردرێت و ئەو پرسە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.
 
بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ هەردوو سکاڵاکە وابووە کە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نین.
 
هەر ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی دیکەی تاوتوێ کرد کە لە دژی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی رووناکی تۆمار کرابوو، کە تایبەتە بە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی کارەبا.
 
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کرابوو و سکاڵالێکراوانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو سکاڵایەشی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگەکە نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە