رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کاراکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنیی بۆ دامەزراندنی ناوەندیی راگەیاند و خشتەی کاتی پێشکێشکردنی بەگوێرەی پسپۆڕییەکان بڵاوکردەوە. فۆرمی دامەزراندنی تایبەت بە پزیشکان و دەرچووانی پەرستارانی هەرێمی کوردستان 1-9 دادەخرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025ـی وەزارەتەکە، کاتی پێشکێشکردن بەم شێوەیە دەبێت:
- دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان: لە یەک تاوەکو 14ـی ئەیلوولی 2025.
- دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی: لە 15ـی ئەیلوول تاوەکو یەکی تشرینی یەکەمی 2025.
- دەرچووانی پەیمانگەکان بە هەموو پسپۆڕییەکانیانەوە: لە یەکی تشرینی یەکەم تاوەکو یەکی تشرینی دووەمی 2025.
- دەرچووانی کۆلێژە تەکنیکییەکان: لە یەکی تشرینی دووەم تاوەکو یەکی کانوونی یەکەمی 2025.
- دەرچووانی دەرەوەی عێراق و دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان: لە یەکی تاوەکو 15ی کانوونی یەکەمی 2025.
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، فۆرمی تایبەت بە پزیشکانی دەرچووی دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها فۆرمی دەرچووانی پەرستاریی هەرێمی کوردستان، بەیانی رۆژی 1-9-2025 دادەخرێت.
ئەحمەد دووبەردانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دامەزراندنە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ـن، نەک سەرجەم دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێشینەی دامەزراندن بۆ دەرچووانی ساڵانی 2022-2023 دەبێت، لە کاتێکدا دەرچووانی 2023-2024 تەنیا بەپێی پێویستیی وەزارەت دادەمەزرێن.
وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەش کردووەتەوە، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بە واتای دامەزراندن نایەت تاوەکو وەزارەتی دارایی میلاکیان بۆ تەرخان دەکات، هەروەها هیچ داواکارییەکی کاخەزی دوای کاتی دیاریکراو کاری پێناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ