رووداو - نەجەف
هەندێک بڕگەی دەستووری عێراق دەسەڵاتی فراوان دەداتە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەوانە چاودێری و سەرپەرشتیی کاری حکومەت، بۆیە ئەندامانی سەربەخۆی هەڵبژێردراوی پەرلەمان هەوڵی پێکهێنانی فراکسیۆنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن دەدەن.
هادی سەلامی، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئێمە دیدگەمان روونە و بەشداریی حکومەتی داهاتوو ناکەین، دەبینە بەرهەڵستکار بۆ بونیاتنانەوەی دەوڵەت، ئێمە ئێستا هەنگاومان بڕیوە بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێک و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ و کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەربژێرانی سەربەخۆی دیکە کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوون، بەمزووانە بە شێوەیەکی فەرمی فراکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆنی سەربەخۆ رادەگەیێنین".
ئۆپۆزیسیۆن بوون کە پێشتر بە شێوەیەکی کرداری لە پەرلەمان کاری نەکردووە، شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بە تایبەت لە ئەزموونی هەندێک فراکسیۆن کە هەوڵیانداوە فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن پێکبهێنن لە خوولەکانی پێشوودا.
سەفا سوڵتانی، لێکۆڵینڤان و شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "بە تێڕوانین لە ئۆپۆزیسیۆن بوون، دەبینین تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی ئەرێنی نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئۆپۆزیسیۆن دژی حکومەت بێت و بەرهەڵستی کاری حکومەت بکات و هەوڵی رووخاندنی بدات، ئۆپۆزیسیۆن بوون وا نییە، بەڵکو سەرپەرشتیی کاری حکومەتە و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی حکومەت دیاریدەکات".
بەڵام هەندێک لایەنی دیکە پێیانوایە ئۆپۆزیسیۆن جومگەیەکی ئەرێنیی فرەڕەنگی سیاسییە کە توانیویەتی رۆڵی چاودێری کارا بکات و رێڕەوێکی نوێ بۆ کاری چاودێریی سەر حکومەت دابنێت.
د. ئەحمەد عەلیاوی، لێکۆڵینڤان و شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، "ناتوانین لە پاشماوەکانی گەندەڵی و کێشەکانی کارگێڕی رزگارمان ببێت، بەتایبەت لە بەڕێوەبردنی پرسە گرنگەکانی وڵاتدا، بێ بوونی لایەنی ئۆپۆزیسیۆن ئەوە ناکرێت، ئۆپۆزیسیۆن بەدواداچوون و چاودێری دەکات، بێ گومان پێویستمان بە ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام تەنانەت خودی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت بەرنامەی هەبێت بۆ چاودێری و لێپرسینەوە کە ئایا دەنگی کاریگەر دەبێت لەو بوارەدا".
نەبوونی چاودێری و دواکەوتنی یەکلاییبوونەوەی مەلەفەکانی گەندەڵی وایکرد سەربەخۆکان بچنە نێو ئەزموونێکی نوێ بۆ خزمەتی دۆخی سیاسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ