گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بۆ رووداو: پێنجشەممە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت

28-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت. گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت، سوننەکانیش لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "شیعەکان"، کۆبوونەوەی خولیی خۆی لە ماڵی هادی عامری کرد.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت". 
 
گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر گوتی: "لایەنە سوننەکانیش لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە، کە رۆژی پێنجشەممە دوایین وادەیە، ئەگەر سوننەکان لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوتن، ئەو پرسە لە نێو پەرلەمان بە دەنگدان یەکلادەکرێتەوە".
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردووشدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەی دیاریکرد، بۆ دەنگدان بە پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو بابەتە درێژەی کێشاوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هەفتەیە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان یەکلابکرێتەوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، تاوەکو ئێستا نێو ماڵی سوننە یەکدەنگ نییە. هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، ئەو پۆستە بە شایستەی خۆی دەزانێت و سوورە لەسەر ئەوەی یەک بەربژێر هەبێت و سالم عیساوی بکشێتەوە، تەنیا مەحموود مەشهەدانی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بێ گرفت بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
 
بەگوتەی سەلام زوبەیدی، ئەگەر تەقەدووم بایکۆتی کۆبوونەوەکەش بکات، پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکاتەوە. هەروەک پێیشیوایە ئێستا کرانەوەیەک لەو بابەتە هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خەمیس خەنجەر دەستی لە پۆستی سەرۆکی پارتی سیادە کێشایەوە.
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتیى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە "سەروەری"ـی سوننەکان

خەمیس خەنجەر: پیرۆزبایی لە گەلی سووریا و شۆڕشگێڕان دەکەین

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە"سەروەری"، وەک یەکەم سەرکردەی عەرەبی سوننەی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە گەلی سووریا و شۆڕشگێڕان دەکات و داوایەکیش لە هەموو وڵاتان دەکات.