رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند 500 پێشێلکارییان تۆمارکردووە کە لەلایەن بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کراون، دەشڵێت: "نیوەی ئەو پێشێلکارییانە دوای ئاگادارکردنەوە نەهێڵدراون."
رۆژی سێشەممە، 27-11-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ پێشنیازێک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نییە و سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانین و کارەکان وەکو پێویست و بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە دەڕوات."
عیماد جەمیل گوتیشی: "سەرجەم گرێبەستەکان کراون، لەڕووی تەکنیکی و ئامێرەکانیشەوە بەهەمان سیستەم و ئامێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021 دەبێت و هەمووی ئامادەیە."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوودا بکرێت، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی: "چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانین کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، رێکارەکانیشمان بەردەوامن."
رۆژی یەکى تشرینى یەکەمى 2023 بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد، کە 45 رۆژ دەخایێنێت.
عیماد جەمیل لە بارەی ئەو پێشێلکارییانەی دوای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن کراون، گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 پێشێلکاری لەلایەن بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون، بەڵام دوای پێڕاگەیاندنیان و ئاگادارکردنەوەیان نزیکەی 50٪ـی ئەو پێشێلکارییانە نەهێڵدراون، بۆیە ئەو بەربژێرانە سزا نادرێن."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سزای پێشێلکاریی بەربژێران لەنێوان 500 هەزار دینار بۆ 50 ملیۆن دینار بەپێی جۆری پێشێلکارییەکە دەبێت، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی بەربژێرەکەش و رێگەگرتنی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە تاوەکو ئێستا ئەمە رووینەداوە.
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، نابێت پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان بەدیوارى پەرستگەکان (مزگەوت، حوسەینیە و کەنیسە) هەڵبواسرێت، بە هەمانشێوە هەڵواسینی پۆستەر لەسەر دیواری شوێنەوار، قوتابخانە، پرد و شۆستەى نێوان شەقامەکان قەدەخەیە.
بەشێک لە رێنماییەکانى دیکە رێگە نادەن هیچ پۆستەرێک بە مادەیەک بلکێندرێت بە دیوارەکانەوە کە لێنەکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى هەڵواسینى پۆستەر بە تابلۆکانى هاتووچۆ قەدەخەیە.
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن بۆ بانگەشەى ھەڵبژاردن، هەڵواسینى پۆستەرە لەسەر پەڕۆ، دانانى بۆردى ئاسن یان تەختە کە لابردنیان ئاسانە یان بانگەشەکردن لە رێگەى فلێکسیەوە لەو شوێنانەى بۆى دیاریکراوە، رێگەپێدراوە.
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ