موحسین مەندەلاوى: پێویستە پەلە بکرێت لە ئاشکراکردنى ئەوانەى لەپشت هێرشەکەى کۆرمۆر بوون

28-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگرى یەکەمى سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆرى کرد و رایگەیاند: "ئامانجی ئەو هێرشە تێکدانی سەقامگیری و زیانگەیاندنە بە ئابووریی نیشتمانی".
 
موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئەو هێرشە بووە هۆی کەوتنەوەى زیانی گەورە لە شوێنی رووداوەکە و کاریگەری کردووەتە سەر دابینکردنی وزە.
 
شەوی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
 
مەندەلاوی دەڵێت: "پێویستە پەلەکردن لە ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم تاوانە و کردەوە هاوشێوەکانیەوەن کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووى کێڵگەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان بوونەتەوە." 
 
جێگرى یەکەمى سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق جەختی لە گرنگی یەکخستنی ریزى نیشتمانیی کردەوە بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی گەل و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئابووریی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە