وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ 19 هەزار کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

28-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون. ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو 16 هەزار کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرابوون.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، هەروەها دەست بەسەر چوار تۆن مادەی هۆشبەر و  15 تۆن مادەی کارتێکەری عەقڵیدا گیراوە". 
 
ئاماری ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن، ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، ساڵی 2020 زیاتر لە حەوت هەزار و 500 بازرگان و بەکاربەر دەستگیرکراون، ساڵی 2021 ژمارەکە زیادی کردووە بۆ 12 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەر، ساڵی رابردووش 16 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکرابوون. 
 
دیارترین جۆری مادەی هۆشبەرەکان لە عێراق بریتین لە کریستاڵ کە زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبوونەتەوە و سەرچاوەکەیان ئێرانە؛ حەشیش، لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە؛ حەبی کاپتاگۆن کە زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە