رووداو دیجیتاڵ
دوا ماوەیەک درێژ لە وەستان، جارێکی دیکە کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی رێگەی وشکانی حەجی نێوان نەجەف - سعودیە دەستیپێکردەوە، درێژاییەکەی بە 239 کلیۆمەتر و کۆی تێچووی پرۆکەش بە نزیکەی 300 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بە مەبەستی کردنەوەی دەروازەی باشوور لەگەڵ سعودیە.
رێگەکە کورترین دەروازەیە، عێراق بە شانشینی عەرەبی سعودیە دەبەستێتەوە، جارێکی دیکە ژیان بە بەری دادێتەوە کە بە لێدانی دڵی بازرگانی نێوان حیجار و وڵاتی رۆژهەڵات دادەنرێت لە گەشتەکانی هاوین و زستانە، ئەمە وەک مێژوو باسیدەکات.
ئەندازیار فەلاح حەسەن، هەڵسەنگێنەری پرۆژی رێگەی حەجی وشکانی دەڵێت "ئەو رێگەیانەی عێراق کە ئێستا بەردەستن، ئەم رێگەیە کورتترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە شانشینی عەرەبیی سعودیە، دەتوانی بە نزیکەی دوو کاژێر بگەیتە سنووری سعودیە، ئەمەش لە رێگەی عەرعەر و رێگەی سەماوە و حەزەر کورترەدەکاتەوە کە بە سعودیە گرێدراون. ئەم رێگایە بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت، داوای هاوکاری لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و پارێزگای نەجەف دەکەین لەڕێگەی سەردانە بەردەوامەکانیان و لابردنی سەرجەم کێشە و ئاستەنگەکان کە لەکاتی دروستکردنی رێگاکەدا رووبەڕووی دەبنەوە."
لەسەر ئاستی بازرگانی، ئەم رێگەیە بە شادەمارێکی نوێی ئابووری دادەنرێت لە چوارچێوەی پرۆژەی جیهان بۆ قۆناخی دوای ئابووری نەوت، ئەم دەروازیە بە سەرەتای کردنەوەی رێگەی دیکەی بازرگانی دادەنرێت، دوای ئەوەی ریاز ئامادەیی دەربڕی لە رووی ئابوورییەوە بە رووی عێراق بکرێتەوە.
سائیب ئەبو غنیم، وەبەرهێنەر دەڵێت "ئەم رێگە زۆر گرنگە، چونکە زۆر گوند و پێدەشت پێویستی بەم جۆرە خزمەتگوزارییانەیە لەم رێگەوە هەلی گەورەی کار دەڕخسێت، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ ناوەندی بازرگانی دروستدەبێت. هیوادارین ئەم رێگە خێر بداتەوە بۆ عێراق بەگشتی و نەجەفی پیرۆز بە تایبەتی".
گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەم رێگە ستراتیژییە دەرگای کشتوکاڵ و پیشەسازییە داخراوەکان لە عێراق دەکاتەوە، بەوپێیەی سەتان کلیۆمەتر لە ناوچە بیابانییەکان زیندوودەکاتەوە کە لایەنی عێراقی فەرامۆشی کردوون، هەروەک کەرتی گەشتوگوزاریش دەبووژێنێتەوە.
د. محەممەد هادی سیلاوی، توێژەری ئابووریی رایدەگەیێنێت "ئەمڕۆ ئێمە دووچاری ئاستەنگی هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا دەبینەوە، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکارە، لەوانە گواستنەوە و گومرگ، بەڵام کردنەوەی ئەم رێگەیە ئاسۆی زۆر دەکاتەوە لە ماوە کورت و درێژخایەن دا سووودی بۆ بازرگانی عێراق دەبێت. دەبێتە دەروازەی باشوور لەڕێگەی ئەم دەروازەوە کاڵا هەناردە و هاوردە دەکرێت بەدەر لە دەروازەکانی دیکە، دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ و سوودی دارایی و ئابووری و بازرگانی دەبێت."
زیا غریفی، هاووڵاتی دەڵێت "ئەو کاڵا و کەرەستانەی کە ئێستا لای عێراقییەکانە، ئەوا بازرگان و کارگەکانیان پێویستیان بە هاوردەکردن هەیە. ئەمە ئاڵوگۆڕ و سوودی دوولایەنەیە، ریاز خاوەن کارگەی گەورەیە، پێویستە کێبڕکێکارێکی دیکە هەبێت، بۆیە ئەم دەروازەیە دەبێت کێبڕێکاری دەروازەکانی دیکە".
ئەم رێگایە وەک لایەنی بازرگانی، دەبێتە کێبڕێکارێکی ئەو رێگایە بازرگانییانەی دیکە کە عێراق دەبەستێتەوە بە ئوردن، ئێران، سووریا و تورکیا و دەبێتە فرەکردنی سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ