راوێژکارێکی سوودانی: پێشابوور تاکە بژاردەیە بۆ گەیاندنی رێگەی گەشەپێدان بە تورکیا

29-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، لەگەڵ تورکیا تاوتوێی ئامادەکردنی دەروازەی پێشابوور دەکەن بۆ کردنی بە دەروازەی تێپەڕینی رێگەی گەشەپێدان بۆ تورکیا، چونکە جگە لە پێشابوور؛ هیچ دەروازە و شوێنێکی دیکەی سنووریی لەگەڵ نەخشەسازی پڕۆژەکەدا ناگونجێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئایار، د. ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە گفتوگۆداین بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی ئامادەکردنی دەروازەی پێشابوور لە رووی جوگرافییەوە، بۆ ئەوەی کە رێڕەوی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی پێدا تێپەڕببێت بۆ تورکیا."
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی دەشڵێت، "لەسەر بەو پرسە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا هەیە و دوابڕیار و بژاردەمان هەر ئەوەیە کە لە رێگەی پێشابوورەوە رێڕەوی پڕۆژەکە بگاتە تورکیا."
 
رۆژی 27ی ئاداری ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دروستکردنی کۆمپانیایەک لەسەر داهاتی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان، بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخەکانی داهاتووی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
 
بە گوتەی د. ناسر ئەسەدی، "کۆمپانیاکە نێوخۆییە و ئێستا لە قۆناخی رێکخستنیداین؛ لە دوو مانگی داهاتوودا کارەکانی کۆمپانیاکە دەستپێدەکات."
 
خەرجیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
 
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
 
قۆناخی کۆتایی نەخشەکە لە ساڵی 2025 ئامادە دەبێت و وردەکارییەکانی پڕۆژەکە لە پرد، باڵەخانە و وێستگەکان پێکدێت، پاشان نەخشەکە پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێت بۆ جێبەجێکردن.
 
پڕۆژەکە لەلایەن 15 کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت، پێشبینی دەکرێت داهاتی ساڵانەی بگاتە چوار ملیار دۆلار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە