رووداو دیجیتاڵ
بەستنەوەی کارەبای عێراق بە ئوردن مانگێک دوادەکەوێت و کۆمپانیای کارەبای نیشتمانی لە ئوردن رایدەگەیێنێت، مانگی ئابی داهاتوو کارەکانی قۆناخی یەکەمی بەستنەوەی کارەبای وڵاتەکەی بە عێراق تەواو دەبێت.
ئەمجەد رەواشدە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کارەبای نیشتمانی لە ئوردن بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی گرێدانی کارەبای ئوردن بە عێراق مانگی ئاب تەواو دەبێت، وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی عێراق رایگەیاندبوو، سەرەتای مانگی تەممووز بەستنەوەی کارەبای ئوردن بە عێراق دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و وەکو قۆناخی یەکەم 50 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەدرێت.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی شەممە 10-06-2023 بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی کارەبا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی ئێرانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت، ئەمەش لە رێگەی فرەجۆرکردنی هاوردەکردنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشتر رێککەوتنیان کردووە بۆ هاوردەکردنی گازی قەتەری کە بڕەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنە، ئەمەش لە رێگەی کەشتییەوە دەگوازرێتەوە و بە کەنداودا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمە تووشی گرفت بووە کە دەبێت پێویستیی تەکنیکی بۆ دابین بکرێت وەکو شۆستە بۆ داگرتنی گازەکە لە بەندەر و دانانی سەکۆی گازی و دواتر گواستنەوەی لە رێگەی بۆرییەوە بۆ وێستگەکان، بۆیە پڕۆژەکە بۆ سێ ساڵ دواکەوتووە تاوەکو ژێرخانی بۆ دابین دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتیشی، وەزارەتی کارەبا کاری بۆ دامەزراندنی وێستگەی خۆر کردووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، سێ گرێبەستی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی 7500 مێگاوات کارەبا و چاوەڕێی خەرجکردنی پارە دەکەن لە بودجەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد موسا دەڵێت، سەرەتای مانگی تەممووز پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ ئوردن دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە کە بڕەکەی 50 مێگاوات کارەبایە لە رێگەی قەزای روتبەوە بۆ پارێزگای ئەنبار، ئەمەش وێڕای رێککەوتن لەگەڵ لایەنی سعودی بۆ بەستنەوەی عەرعەر بە یوسفییە و گرێبەستی راوێژکاری.
بەگوێرەی خشتەى دابەشکاریی بودجەى وەزارەتەکان لە یاساى بودجەى گشتیدا، پشکی وەزارەتى کارەبا 17 تریلیۆن و 723 ملیار و 775 ملیۆن و 915 هەزار دینارە کە 11 ترلیۆن و 610 ملیار دینارى بۆ بەکارخستنە و 6.1 تریلیۆن دینارى بۆ وەبەرهێنانە.
تێکڕاى پێویستى عێراق بۆ کارەبا 35 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و نزیکەى 11 هەزار مێگاوات کورتهێنانى هەیە، سەرەڕاى ئەوەى وزەى کارەبا و گازى سرووشتى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە ئێران دەکڕێت.
لە بەغدا 8 بۆ 12 کاژێرکارەبای نیشتمانی هەیە و کورتهێنانەکە لە رێگەی 13 هەزار موەلیدەوە پڕدەکرێتەوە کە دوو جۆرن یەکێکیان 24 کاژێرییە و هەندێکجار نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 25 دینار و ئەوەی دیکەیان تاوەکو 12 شەو کاردەکات و نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 10 دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ