عێراق گرووپێک دەستگیر دەکات کە ئەندامەکانی بە تیروپشک خۆیان کوشتووە

29-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاشکراکردنی گرووپێکی بەناوی (قوربانیین) راگەیاند کە ئەندامەکانی بە تیروپشک خۆیان کوشتووە. 
 
رۆژی شەممە 29-06-2024 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا پوختەی راپۆرتی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵی کار و چالاکییەکانی دەزگاکەی خستەڕوو. 
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دزەی کردە نێو بزووتنەوەیەکی لادەر بەناوی (قوربانیین) یان (عەلی ئیلاهییە) کە زۆربەی ئەندامەکەی لە بیستەکانی تەمەنیاندان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بزووتنەوەکە برەوی بە بیری لادەری داوە و ئەندامەکانی بە تیروپشک خۆیان کوشتووە.
 
31 ئەندامی گرووپەکە دەستگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 5 رووداوی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی بەسرە، واست، ناسرییە تۆمارکراون. 
 
ئەرشەد حاکم گوتی، لێکۆڵینەوە بۆ زانینی پاڵنەر وهۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسانە بەردەوامە.
 
لەبارەی چالاکییەکانی دیکەی دەزگاکە، ئەرشەد حاکم گوتی، دەزگاکە لە شەش مانگی ئەم ساڵدا دەستی گرتووە بەسەر زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و دەستگیرکردنی 76 کەس کە لەو بابەتەدا تێوەگلاون.
 
دەزگاکە هەروەها کەسێکی شارەزای کونکردنی بۆری نەوتی دەستگیرکردووە کە بەرپرس بووە لە کونکردنی بۆری نەوت لە بەسرە، دیالە، بەغدا و سەلاحەدین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە